مێدیای فەرمی کوەیت بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی حوزەیرانی 2024، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە گەڕەکی مەنقەف لە شاری ئەحمەدییەی باشووری کوەیت، 43 کەس مردوون و 48 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی کوەیت ڕایگەیاندووە، بەشێک لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگیرە و گومان دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر بێتەوە، هەروەها ئاماژەیداوە، زۆربەی قوربانییەکان بەهۆی دوکەڵ و گازەوە خنکاون.
ئەو باڵەخانەی ئاگرکەوتنەوەکەی تێدا ڕوویداوە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کرێکارانی بیانین و وەزارەتی تەندروستیش هەموو ئامادەکارییەکی بۆ تیمار و چارەکردنی بریندارەکان ڕاگەیاندووە و ئاماژەیداوە بریندارەکان بە سەر چوار نەخۆشخانە دابەشکراون.
هەروەها فەهد یوسف سعوود وەزیری ناوخۆی کوەیت بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی بریندارەکان سەردانی هەردوو نەخۆشخانەی عێدان و موبارەکی کردووە و ڕایگەیاندووە لە سبەیەوە هەموو ڕێکارێکی یاسایی و پێویست لە کەموکوڕییەکانی باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون دەگرنەبەر.
ئاماژەشیداوە، لێکۆینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و خاوەنی باڵەخانەکەش لە سەر کەموکوڕییەکان دەدەنە دادگا.