هونەرمەندی ناوداری کوردستان (حەسەن شەریف) سەبارەت بەو بەرهەمە ناوازەی کە بەنیازە لەم نزیکانە بڵاوی بکاتەوە، گوتی؛ گۆرانی (کوردمەدار) لە هۆنراوە و ئاوازی هاوڕێی ئازیزم (ئەمین بۆتانی)یە، دەتوانم بڵێم؛ ئەوە چل ساڵ زیاترە و لەوەتەی خەریکی كاری هونەرییم و گۆرانی بۆ نەتەوە و نشتیمان دەڵێم وەکو ئێستا دڵخۆش نەبووم، چونکە بە ڕاستی تێکستی (کوردمەدار) بەلامەوە چ وەک کورد و چ وەک گۆرانیبێژ دڵ و دەروونمی گەشاندەوە، لەو بڕوایەدام هەر کوردێکی پاک و وابەستەی دۆز و خاکی کوردستان و هەر ئارەزوومەندێکی دنیای ئاواز و گۆرانیش کە گوێبیستی دەبێ حەتمەن پێی شاد دەبێ، لەبەر ئەوەی بەهەموو پێوەرێک (کوردمەدار) لە ئاستێکی بەرزدایە و قسەی دڵی هەر کوردێکی دڵسۆزە کە سەرفرازیی وڵات ئاواتی لە پێشینەی بێ.
سەبارەت ئەو هونەرمەند و کەسانەی بەشدار و هاوکاربوون لەم بەرهەمە هونەریەدا، حەسەن شەریف رایگەیاند؛ زۆر سوپاسی ئەو هاوڕێ دڵسۆزانەم دەکەم کە بەگیانێکی هونەریی بەرز و زیاد لەپێویست ئەرکیان کێشا و لەگەڵماندا هیلاک بوون هەتا کوردمەدار گەیشتە دواقۆناغ و بەرهەمهات، سەرەتا مۆزیسیەنی بەتوانا و داهێنەری کورد (عەلی شاکر) کە جوانترین کاری بۆ ئەم گۆرانییە کرووووە، بە راستی لە ژەنیندا ئافراندنێکی یەکجار ناوازەی خوڵقاندووە، من لێرەوە جارێکی دی ستایشی ئەو هونەر و توانایەی دەکەم، هەروەها رێز و سوپاس بۆ هاوڕێی دێرینم کاک (گورسەل دایان) خاوەنی ستۆدیۆی (ڕۆ میوزیک ڕۆشن)لە ستۆکهۆڵم کە ماڵی ئاوابێ تا درەنگانی شەو و بە پشوودرێژی بەدەستوپەنجە ڕەنگینەکانی ریکۆردی گۆرانیەکەی بۆ کردم.
لەکۆتاییشدا حەسەن شەریف دەڵێ؛ رێز و سوپاسی بێپایانم بۆ دیزاینەر و شاعیر و هونەرمەندی لێهاتوو و بەسەلیقە کاک (عیسا بۆتانی) کە وەک دڵسۆزی و خەمخۆری، کاری گرافیک و ریکلام و وردەکاریی هونەریی جوانی پێشکێش کردووە بۆ ئەوەی (کوردمەدار) بگاتە شەیدایانی هونەر و گۆرانی کوردی و لەم ڕووەوە خزمەتێکی زۆری کردووە و شوێنپەنجەی دیارە، سوپاسی زۆرم بۆ برای بەڕێز و دەستڕەنگین (سامر حوسێن)کە خەریکی مکس و ماستەرینگی ئەم بەرهەمەیە بەباشترین شێوە، شایانی باسە کە شاعیر و مۆزیسیەن و هونەرمەند و تەکنیکارانی باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و ئەوروپاش لەم کارە هونەریەدا بەشدارن و هەر یەکەیان بەشێوەیەک کاریان بۆ سەرخستنی کردووە، بەهیوای ئەوەی (کوردمەدار) ئەو گۆرانیە بێ خزمەتی زیاتر بە خاک و نەتەوە و کوردایەتی راستەقینە بکات و ئنتیمای کوردستانیان بۆ دۆز و داوای ڕەوای نشتیمان بگەشێنێتەوە کە بەری ڕەنج و قوربانیدانی کوردستانیان و پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی ئاڵی شەهیدانی کورد و کوردستانە، بۆیە دەڵێم (کوردمەدار) گۆرانی هەموانە و با لەهەموان پیرۆز بێ.