سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی بۆ تاران، سەردانێکی باش بوو، “ئەم سەردانە سەرەتایەکی نوێیە لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.”
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “بەسوپاسەوە پێشوازیمان لەلایەنرابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لێکرا و کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی گشتی زۆر باش بەڕێوەچوون.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران گوتی: “بە سوپاسەوە پێشوازیمان لەلایەن رابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان لێکرا و کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی گشتی هەموویان زۆر بەباشی بەڕێوەچوون سوپاسی پێشوازیی هەموویان دەکەین لە شاندی هەریمی کوردستان.”
بەشێکی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی:
– پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی زۆر گرنگە، پەیوەندییەکی مێژووییە و زۆر شتی هاوبەشمان هەیە کە بەیەکەوەمان دەبەستنەوە، لە مێژوو و دوای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تائێستاش زۆر شتی گرنگمان هەیە کە بەیەکەوەمان دەبەستنەوە.
– سوپاسی هەموو ئەو هاوکاریی و پشتیوانیانەمان کردن کە لە قۆناخە سەختەکاندا پشتیوانییان کردووین، بێگومان هەندێک کێشەش هەن، لەو رێگەیەدا بەڵام ئەوەی من دەیبینم و بە نیسبەت ئێمە گرنگە ئەوەیە دەبێت هەوڵبدەین ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.
– ئیرادەیەکی زۆر جیدی دەبینین لەم سەردانەمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە نێوانماندا هەن.
– هەرێمی کوردستان خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دراوسێیەکی هەرە گرنگ کە هەمیشە لە رۆژە سەختەکاندا یارمەتیی هەرێمی کوردستانی داوە و ئەو شتانەی دەبنە هۆی ناکۆکی لەم پەیوەندییە من هەست دەکەم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تەئکید لە هەرێمی کوردستانیش ئیرادەیەکی جدیمان هەیە بۆ ئەوەی نەیانهێڵین.