ڕۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024 لە شاری هەولێر، سەرۆک بارزانی، لەگەڵ بەشێک لە ئاستە جیاجیاکانی ڕێکخستنی سنووری لق و ناوچەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و سوپاسی خەبات و ماندووبوونی ئەندام و کەوادیری پارتی کرد کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بە خۆڕاگریی خۆیان بوونەتە مایەی ئومێد بۆ گەلی کوردستان.
سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی پارتی ئەوەی دووپاتکردەوە کە پارتی بۆ زیندووهێشتنەوەی ئومێد و بڕوابەخۆبوونی گەلی کوردستان دروست بووە و ئامرازە بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان و هەر کات پارتی بەهێز بووبێت کوردستانیش بەهێز بووە.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر سەردانی هەفتەی ڕابردوو بۆ بەغدا و هۆکارەکانی ئەو سەردانەی و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بۆ ئامادەبووان شیکردەوە.
هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە باری ڕێکخستنە ناوخۆییەکانی پارتی سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.