وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول خەرج دەکات و دواتر دەستبەجێ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-10-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی ڕاگەیاند “ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی تەواوی لێبڕینەکانی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە”.
لەبارەی وادەی خەرجکردنی ئەو لێبڕینانە، سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد “وەزارەتی دارایی عێراق هەندێک تێبینی هەبوو، ئێمە زانیاریی و وردەکاریی تەواومان پێ دوان و چاوەڕێین لەم چەند ڕۆژەدا تەواوی لێبڕینەکان خەرج بکرێن؛ ئەگەر خەرج کران، کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ دەکەینەوە و دەستبەجێ مووچەکە دابەش دەکەین”.
ڕۆژی دوو شەممە، 07-10-2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار؛ بەوەش نزیکەی 305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.