20.1 C
Chicago
ئه‌یلول 27, 2024
rasr.press

مەسرور بارزانی: جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزدی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایدەگەیەنێت، جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێ دەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.

هەروا ئاماژەی داوە، “هەرچەندە 10 ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێ دەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەروشوێنن و بە هۆی خۆسەپێنيی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان”.

سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێ: لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتيی سەرۆک بارزانی، لە ڕزگارکردنی شنگال بەرز دەنرخێنین و بە ڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.

هەروەها ڕایگەیاندووە “حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات، بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان، خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال وەکوو خۆی دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شنگال”.

لە کۆتایی پەیامەکەدا ئاماژەی داوە “سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژيی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین”.

ئەمانەش هەن

ئه‌مڕۆ ژمارەی هاوپه‌یمانێتی و پارت و كاندیدان دیاری ده‌كرێت.

aso

دۆستێکی ئەمریکا، دژی ئێران بڕیاریدا

mahir

ئەمەریکا بنکە سەربازییەکانی خستە ئامادەباشییەوە

aso