هێزی کۆماندۆ لە سلێمانی بەردەوامە لە دانانی بازگەی نایاسایی و پێشێلکاری دژی هاوڵاتیان
هێزی ناوزڕاوی کۆماندۆ لە شاری سلێمانی، کە بە پشتیوانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کار دەکات، بەردەوامە لە ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی و پێشێلکاری بەرامبەر هاوڵاتیان.
لە نوێترین پێشێلکارییەکانیاندا، ئەم هێزە بە شێوەیەکی نایاسایی و بێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسا و ڕێسایەک، بازگەی لە دەروازە لاوەکییەکانی سلێمانی داناوە.
ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی ئاسایش پێشتر بازگەیان لەو شوێنانە هەبووە. ئەم کردەوەیە نیشانەی ئاشکرای پێشێلکردنی دەسەڵاتی یاسایی و هەوڵدانە بۆ سەپاندنی هێزی نایاسایی بەسەر شارەکەدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێزە بەردەوامە لە دەستدرێژیکردنە سەر مافی هاوڵاتیان، دەستگیرکردنی خەڵک بەبێ بڕیاری دادگا، و تێکدانی ژیانی ئاسایی خەڵک.
هەروەها، لە ڕابردوودا ئەم هێزە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنی دوو هاوڵاتی. یەکێک لەوان چایەچی بووە و ئەوی دیکەش هاوڵاتییەکی ئاسایی بووە. ئەم ڕووداوانە نیگەرانی قووڵی لای خەڵکی شارەکە دروستکردووە.
چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ داوای لێپێچینەوەی خێرا و توند دەکەن لە ئەندامانی ئەم هێزە و ئەو کەسانەی پشتیوانییان لێدەکەن.
هەروەها داوا دەکەن کە دەسەڵاتی یاسایی بگەڕێندرێتەوە بۆ هێزە فەرمییەکانی ئاسایش و پۆلیس، و بازگە نایاساییەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.
خەڵکی سلێمانی چاوەڕوانی هەڵوێستی جددی دەکەن لە لایەن حکومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە مەترسیدارە و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ شارەکەیان.