20.1 C
Chicago
ئه‌یلول 27, 2024
rasr.press

خۆرەبایەکی بەهێز رووی لە هەسارەی زەوی کردووە

خۆرەبایەکی بەهێز رووی لە هەسارەی زەوی کردووە کە چاوەڕێ دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ پەیوەندیی مانگە دەستکردەکان، پچڕانی کارەبا لە هەندێک شوێن و دروستبوونی شەبەق یاخود رووناکییە سەوزەکانی جەمسەری باکوور.
بەگوێرەی فەرمانگەی ئەمریکا بۆ پێشبینیی کەشوهەوا، خۆرەباکە، کە پێکدێت لە تەقینەوەیەکی گەورەی پلازما و بواری موگناتیسیی خۆر، بەیانیی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر، گەیشتە هەسارەی زەوی.
هۆکاری خۆرەبایەکەش ئەوەیە کە خۆر لە لووتکەی سووڕێکی یازدە ساڵەی نزیک دەبێتەوە. لە ماوەی ئەو سووڕەدا خۆر دەوروژێت و چالاکییەکەی زیاد دەبێت؛ ئەوەش وادەکات شەپۆلی جیۆموگناتیسی و پلازما زیاتر دەربدات.
چاوەڕێ دەکرێت ئەو شەپۆلە جیۆموگناتیسییە بەهێزانە تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوامبن.
شۆن داڵ، پسپۆڕی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت، “ئێمە هەموو ئەو لایەنانەمان ئاگادار کردوونەتەوە کە لە بواری ژێرخان لەگەڵمان کاردەکەن، وەکو کۆمپانیای مانگە دەستکردەکان، ئەوانەی لە بواری پەیوەندیی تێلیکۆمیدا کار دەکەن و تۆڕی دابەشکردنی کارەبای ئێرە لە ئەمریکای باکوور.”
بەڵام رۆژی هەینی، فەرمانگەی فڕۆکەوانیی فیدڕالیی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، “پێشبینی ناکەین بەهۆی زریانی جیۆموگناتیسییەوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر سیستمی نیشتمانیی سنووری ئاسمانیمان دروست ببێت.”
پێچەوانەی پڕووشکی خۆر، کە بە خێرایی رووناکی گەشت دەکەن و بە ماوەی نزیکەی هەشت خوولەک دەگەنە سەر زەوی، خۆرەبایەکان هێواشتر بۆشایی دەبڕن و خێرایی ئەوەی ئەمجارە 800 کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا.
رۆژی هەینی، لە یەک کاتدا، تاوەکو حەوت تەوژمی خۆرەبا لە یەک پەڵەی سەر رووی خۆرەوە بەرەو زەوی دەهاتن. قەبارەی پەڵەکە 16 جار لە هەسارەکەمان گەورەترە، بەڵام روون نییە چۆن بە رێگەوە تێکەڵی یەک بوون و بوونەتە یەک خۆرەبای بەهێز.
“بڕۆ دەرەوە و سەیری ئاسمان بکە”
ماتیو ئۆونز، مامۆستای فیزیای بۆشایی ئاسمان لە زانکۆی ریدینگ لە ئینگلاند دەڵێت، کاریگەرییەکان لە هێڵەکانی پانیی باکوور و باشوور هەسارەی زەوی زیاتر هەستیان پێ دەکرێت. مەودای کاریگەرییەکانیش بەند دەبێت لەسەر هێزی خۆرەباکە.
ئەو دەڵێت: “باکووری کەنەدا، سکۆتلاند و ئەم جۆرە شوێنانە شەبەقی باش دەبینن،” هەروەها باسی لەوە کرد لە نیوەگۆی باشووری زەویش دۆخەکە هاوشێوە دەبێت.
ئۆونز گوتیشی: “ئەمشەو بڕۆ دەرەوە و سەیری ئاسمان بکە، چونکە ئەگەر شەبەق ببینی، دیمەنێکی تەواو ناوازەیە،” هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر خەڵک چاویلکەی تایبەت بە خۆرگیرانیان هەیە، دەتوانن بە رۆژ سەیری خۆر بکەن و پەڵەکەی ببینن.
بەرپرسان باس لەوە دەکەن، لە ئەمریکا، کاریگەریی خۆرەباکە لە باکووری کالیفۆرنیا و ویلایەتی ئەلەباما دەبینرێن.
برێنت گۆردن، بەرپرسی فەرمانگەی نیشتمانیی پێشىینیکردنی کەشوهەوای ئەمریکا خەڵک هاندەدات بە کامێرای مۆبایلەکانیان دیمەنی دەرکەوتنی شەبەق لە شەواندا تۆماربکەن،  چونکە رەنگە نەتوانن بە چاوی ئاسایی بیبینن.
ئەو دەڵێت: “هەر بڕۆ حەوشەی پشتەوەتان و بە مۆبایلێکی مۆدێل نوێ وێنەیەک بگرە؛ سەرت سووڕدەمێنێ بەو شتەی کە کە لە وێنەکەدا دەیبینیت بەراورد بەو شتەی کە بە چاوی خۆت دەیبینی.”
لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەگەری بینینی شەبەق زۆر لاوازە. باشترین شوێن بۆ بینینی ئەو دیاردە گەردوونییە ناوازەیە، ناوچەکانی جەمسەری باکوور و جەمسەری باشوورن.
لەو ناوچانەش، لە شوێنە بەرزەکان و دوور لە رووناکییەکانی شار، رووناکییە ئاسمان سەوزپۆشەکە ئاسانتر دەبینرێت.

ئەمانەش هەن

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی راگەیاندرا

mohammed

لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک دادەنرێن

Abduljabar Ali

؛ پێشوازیی سەرۆکی هەرێم، لە د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە هەولێر

Abduljabar Ali