پێشبینی دەکرێ بۆ جەژنی قوربانی ئەم ساڵ، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەیان هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان بکرێنە قوربانی.
بۆ ڕێگریی لە فڕێدانی پیسی و پاشماوەکانی ئاژەڵی قوربانی لە شار و شارۆچکەکان و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، تیمی تایبەت بەچاودێریی ڕاسپێردراون بۆ سزای سەرپێچیکاران.
سبەی یەکشەممە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە و هاووڵاتییانێکی زۆریش چەند ڕۆژێکە لە مەیدانەکانی ئاژەڵفرۆشان بە کڕینی ئاژەڵی قوربانی ئامادەکاری خۆیان کردووە.
هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ چەندین ڕێنمایی بۆ ئەو کەسانە بڵاوکردووتەوە کە قوربانی دەکەن تاکو قوربانیەکی تەندروست بکەن و نەبنە ئازار و هەراسانکردنی هاووڵاتییان و بەفڕێدانی پیسی و پاشماوەی ئاژەڵی قوربانی لە کوچە و کۆڵانەکان.
قوربانیکردن یەکێکە لە سوننەتەکانی ئاینی ئیسلام، ئەو کەسانەی ئاژەڵ دەکەنە قوربانی، بۆ ئەوەی بەخێر و چاکە خوا لە خۆیان ڕازی بکەن، بەڵام قوربانیکردن مەرجی تایبەت خۆی هەیە.
مامۆستایانی ئاینی دەڵێن: ئەگەر قوربانیکردن ببێتە مایەی بێزارکردن و لێکەوتەی خراپیی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان، لە خێری ئەو سوننەتە کەم دەکاتەوە و دوورنییە قوربانییەکەش بە خێر هەژمار نەکرێ.
هەرێمی کوردستان، هەرێمی فرە پێکهاتەی ئاینییە و زۆرینە موسوڵمانە، بۆیە لە جەژنی قورباندا پێشبینی دەکرێ دەیان هەزار ئاژەڵ بکرێتە قوربانی.
بەهۆی مەترسیی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون و بوونی چەند حاڵەتێکی مردن لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش داوا لە هاووڵاتییان کراوە بە شێوەیەکی تەندروست و لە کوشتارگەکاندا قوربانییەکانیان بکەن.