سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کابینەی جەنگی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، کابینەیەکی نوێ پێکناهێندرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-6-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی کابینەی جەنگی راگەیاند و گوتی: “دوای کشانەوەی بێنی گانتز لە کابینەکە، هیچ پێویستییەکمان پێ نەماوە”.
هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە دوای هەفتەیەک لە کشانەوەی بێنی گانتز، سەرۆکی پارتیی (پارتی یەکگرتوویی نیشتمانی) لە حکومەت هات.
گانتز رەخنەی تووندی لە نەتانیاهوو گرت لە بەرامبەر شێوازی “بەڕێوەبردنی شەڕ”ی غەززە و داوای هەڵوەشاندنەوەی کابینەکە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد.
نەتەنیاهوو گوتیشی: “کابینەی جەنگیی ئیسرائیل بە رێککەوتن لەگەڵ بێنی گانتز پێکهێندرا و بە کشانەوەی گانتز چی دیکە کابینەکە پێویست نییە و کابینەی نوێی جەنگییش پێکناهێندرێتەوە”.