20.1 C
Chicago
ئه‌یلول 27, 2024
rasr.press

سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەست بە کار بوو.

سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەست بە کار بوو و دەڵێت، “مافی هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتی نوێی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک گەرەنتی کراوە”.

هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن

شەوی شەممە، 10-08-2024، بێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.

ڕۆژی چوارشەممە، 14-08-2024، ڕێبوار تەها، وەکوو پارێزگاری نوێی کەرکووک دەست بە کار بوو، ئەمڕۆ یەکشەممەش، 18-08-2024، محەممەد حافز، وەکوو سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەست بە کار بوو.

پلانی داهاتووی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن

محەممەد حافز، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای دەستبەکاربوونی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەركووک؛ باسیان لە پلانی ئاییندەی کارەکانی بۆ پارێزگاکە کرد.

محەممەد حافز ئەمڕۆی بە “ڕۆژێکی مێژوویی” ناو برد و وەکو خۆی جەختی لێ کردەوە، بە گوێرەی ئەوەی لە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هاتووە، “مافی هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتی نوێی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک گەرەنتی کراوە”.

پۆستەکانی پێکهاتەی تورکمانی کەرکووک

ژمارەیەک لەو پۆستانەی بە پێکهاتەی تورکمانی کەرکووك دراون، بریتین لە: جێگری پارێزگار، یاریدەدەری پارێزگار، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، دوو ڕاوێژکاری پارێزگار، ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری تەندروستی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا، بەڕێوەبەری ڕێگەوبان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆ، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی، یاریدەدەری شارەوانییەکان، قایمقامی قەزای ناوەندیی، بەڕێوەبەری ناحیەی یایچی، بەڕێوەبەری ناحیەی تازە، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان، سکرتێری لیژنەی ئەمنی و بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک.

بە گوتەی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پۆستە کارگێڕییەکانی پێکهاتەی تورکمان، بە بەتاڵی دەهێڵرێنەوە تا ئەو کاتەی ئەندامانی تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە دەکەن.

لەبارەی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لە کەرکووک، محەممەد حافز گوتی، “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دەست دەکەین بە گرێبەستی پلەی وەزیفی کە ئەمەش ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای کەرکووک کەم دەکاتەوە”.

سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دووپاتی کردەوە، ئاسایش، ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە دەپارێزن و بە هاوکاریی لەگەڵ پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە “بێ جیاوازی” خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکەن.

پاڵپشتیی پارێزگاری کەرکووک بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە

لەلایەن خۆیەوە ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دووپات کردەوە و گوتی، “بە یەکەوە وەکو یەک تیم کار دەکەین بۆ خزمەتکردنی هەموو پێکهاتە و دانیشتووانی شاری کەرکووک بەبێ جیاوازی”.

ڕێبوار تەها، داوای لە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک کرد، هاوکاریان بن لە جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی داهاتوویان بۆ خزمەتکردنی شارەکە. گوتیشی، “کارەکانی پارێزگا تەواوکەری کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بە پێچەوانەوەش ڕاستە، بۆیە گرنگە هەموو لایەک پێکەوە کار بکەین”.

کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای ئەوەی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا، دیاری نەکراوە. ئەو ئەندامانەی لە کۆبوونەوەکەی بەغداش بەشداربوون، ناتوانن ڕێژەیی یاسایی (8+1) تەواو بکەن، چونکە ڕێبوار تەها کە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنەکە بوو، بووەتە پارێزگار.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێک دێت؛ کورد، حەوت کورسی (پێنج یەکێتی و دوو پارتی)؛ عەرەب، شەش کورسی؛ تورکمان، دوو کورسی و کۆتای کریستییانیش کورسییەکی هەیە.

بە گوێرەی ژمارەی دەنگەکان، عەبدوڵڵا میروەیس، لە جێگەی ڕێبوار تەها لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگا سوێندنی یاسایی دەخوات و وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەست بە کار دەبێت.

ئەگەر عەبدوڵڵا میروەیسیش ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، چاوەڕێ ناکرێت ئەنجوومەنەکە بەبێ بەشداریی ئەندامانی هەردوو فرکسیۆنی پارتی و تورکمانەکان کۆ ببێتەوە، چونکە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕیی ماون پێویستە بەو دوو لایەنە بدرێن. بێجگە لەمەش لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، لیژنە تایبەتمەندییەکان هەڵبژێردرێن، ئەگەر ئەندامانی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و تورکمانەکان بەشداریی نەکەن، پێکهێنانی لیژنەکانیش ئەستەم دەبێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لایەنەکان چاوەڕێی دادگای فیدراڵی دەکەن لەبارەی بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایەی لە لایەن سەرۆکی بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دژی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە تۆمار کراوە، بۆ ئەوەی وادەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە دەستنیشان بکەن

ئەمانەش هەن

گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕادەگیرێت.

aso

پەیامێکی نوێ لە سەرۆک بارزانییەوە لە بەغدا

mohammed

پارەی گەنمی جووتیارانى هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

aso