بەپێی زانیارییە نوێیەکان، ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچەی کوڵەجۆ، هێزی عەسائیب ئەهلی حەقی سەر بە قەیس خەزعەلی بووە. ئەم هێزانە بە ڕێککەوتن چوونەتە سەر بیرە نەوتەکەی ناوچەی سەید مەدری گەرمیان.
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەم هەنگاوە بەرەنجامی ڕێککەوتنێکە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و قەیس خەزعەلی. ئەم ڕێککەوتنە لە دواین سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا ئەنجام دراوە.
ئەم پێشهاتە نوێیە پرسیاری زۆری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان دروست کردووە. چاودێران پێیان وایە ئەمە دەکرێت وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی کەرکوک ببینرێت کە پێشتر لە نێوان حەشدی شەعبی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان واژۆ کرابوو، کە بە بۆچوونی زۆرێک لە شارەزایان بە زیانی بەرژەوەندییەکانی کورد لە ناوچەکە شکاوەتەوە.