20.1 C
Chicago
ئه‌یلول 27, 2024
rasr.press

بۆ داخستنی بنكە رۆشنبیرییەكەی مەلا بەختیار داوایەك لە نووسەر و رووناكبیران دەكرێت

داوا لە سەرجەم ‌نووسە‌ر و ڕووناكبیرانی هەرێمی كوردستان كرا سەبارەت بە داخستنی ناوە‌ندیی ڕۆشنگە‌ری چاودێر و بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژی، ھە‌ڵوێستی جدییان ھە‌بێت.

شەوی رابردوو بەفەرمانی باڤڵ تاڵەبانی، هێزێكی كۆماندۆ لە سلێمانی هەڵیانكوتایە سەر ناوە‌ندیی ڕۆشنگە‌ری چاودێر و دەستیان بەسەر باڵەخانەكەدا گرت.

بنكەی رووناكبیری گەلاوێژ كە بارەگاكەی هەر لەنێو ئەو باڵەخانەدا بووە كە دەستی بەسەردا گیراوە، لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: ئێمە سەرقاڵی ئامادەكارییەكان بووین بۆ سازكردنی 27مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ، بەڵام شەوی رابردوو لەلایەن هێزێكی كۆماندۆوە دەست بەسەر بارەگاكەمان و سەرجەم كەلوپەلەكانی ناویدا گیرا.

دەشڵێت: داوا لە‌ نووسە‌ران و ڕووناكبیران دە‌كە‌ین‌ ھە‌ڵوێستی جدییان ھە‌بێت لە‌بە‌رامبە‌ر ئە‌م كردەوەیە و ڕێگری بكەن لەهەر كارێك كە دەبێتە هۆی‌ بە‌رتە‌سكردنە‌وە‌ی ئازادی ڕادە‌ربڕین و چالاكی ڕووناكبیریی و ئەدەبیی و هونەری لە شاری سلێمانی.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی بنكەی ڕووناكبیری گەلاوێژە:-

روونكردنەوەیەك لە بنكەی ڕووناكبیری گەلاوێژ-ەوە

لە‌ كاتێكدا ئێمە‌ سە‌رقاڵی ئامادە‌كارییە‌كانی سازكردنی (٢٧)مین فێستیڤاڵی نێودە‌وڵە‌تی گە‌لاوێژ بووین كە بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، ئێوارەی ڕۆژی ٥-٩-٢٠٢٤، ھێزێكی كۆماندۆ چوونەتە سە‌ر بارە‌گای تۆڕی ناوە‌ندی ڕۆشنگە‌ری چاودێر كە‌ لە‌بە‌شێكی بیناكە‌دا بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژی تیا بووە‌، دە‌ستیان گرتووە‌ بە‌سە‌ر ئە‌رشیف و سە‌رجە‌م كە‌لو پە‌لە‌كانی بنكە‌كە‌دا، كە ئەرشیفی كارو چالاكییەكانی بنكەكەو (٢٦) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژی لەخۆگرتووە، ئێمە‌ لای خۆمانە‌وە‌ بە‌توندی ئیدانە‌ی ئە‌و كارە‌ دە‌كە‌ین و پێمانوایە‌ ئە‌م كردە‌وە‌یە‌ لە‌كە‌داركردنی ناوبانگی پایتە‌ختی ڕۆشنبیریی و بێبایە‌خكردنی ئە‌و مێژووە‌ پڕ لە‌ سەروەری و گە‌شە‌ی دنیای ڕووناكبیری و ئە‌دە‌بییە‌ لەشاری سلێمانیدا، چونكە‌ لای ھە‌مووان ڕوونە‌ كە‌ بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژ بنكە‌یە‌كی ڕووناكبیرییە‌ و لە‌ماوە‌ی تەمەنیدا (٢٦) فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی ڕێكخستووەو ڕۆڵێكی دیاری ھە‌بووە‌ لە‌ناساندنی سلێمانی وە‌ك پایتە‌ختی‌ ڕۆشنبیری و بانگھێشتكردن و كۆكردنە‌وە‌ی سە‌دان نووسە‌ر و ڕووناكبیر لە‌ ئە‌وروپا و وڵاتانی دراوسێ و عێراق و هەرێمی كوردستاندا بۆ شاری سلێمانی، ھە‌روە‌ھا سە‌كۆیە‌كی گرنگی داھێنان بووە ‌و چە‌ندین قە‌ڵە‌می تازەی پێگە‌یاندووە ‌و دەیان نووسەریشی خەڵاتكردووە.

لە‌ كۆی فێستیڤاڵەكانیشدا دە‌رگایە‌كی فراوانی بە‌ڕووی ھونە‌رمەندان و چالاكی ھونە‌ریدا كردۆتە‌وە، لە‌و سۆنگە‌یە‌وە‌ سەرەڕای سەركۆنەكردنی ئەم كارە كە بەپێشهاتێكی مەترسیداری دەزانین.

داوا لە‌نووسە‌ران و ڕووناكبیران دە‌كە‌ین‌ كە ھە‌ڵوێستی جدییان ھە‌بێت لە‌بە‌رامبە‌ر ئە‌م كردەوەیە و ڕێگری بكەن لە هەر كارێك كە دەبێتە هۆی‌ بە‌رتە‌سكردنە‌وە‌ی ئازادی ڕادە‌ربڕین و چالاكی ڕووناكبیریی و ئەدەبیی و هونەری لەمشارەدا.

بنكە‌ی ڕووناكبیری گە‌لاوێژ

ئەمانەش هەن

ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئەو سکاڵایەی لەسەر کەناڵی ئێن ئار تی تۆمار کراوە.

aso

سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە بەرپرسی لقی22ی گەرمیانی پارتی کرد

mahir

ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

mahir