ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بەغدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (X) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ئەو هێرشە توندانەی ئەم دواییە سەركۆنە دەكەین كە كراونەتە سەر كۆمپانیاكانی ئەمریكا و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان.”
هاوكات داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق كرد، رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بكەن و بەرپرسانی ئەم هێرشانە ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە و “ڕێ لە هەر هێرشێكی دیكە لە داهاتوو بگرن.”
هۆشداریی ئەوەشی داوە كە “ئەم جۆرە هێرشانە ژیانی هاووڵاتییان و موڵكوماڵیان دەخەنە مەترسییەوە، هەروەها دەكرێ ببنە هۆی لاوازكردنی توانای عێراق بۆ راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی.”
دەشڵێت “هێشتا پابەندین بە هاوبەشیی ئەمریكی – عێراقیی گشتیی بۆ بونیادنانی هەلی ئابووری و پێشخستن بۆ هەموو عێراقییەكان.”
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ پێنجشەمە 30ـی 5ـی 2024 ، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق له راگهیهندراوێكدا بڵاویکردەوە، بۆمبێکی دەنگی لە بەردەم کۆمپانیای کاتەرپیلەرى ئەمریکی لە ناوچەی جادرییەیە تهقیوهتهوه و دواتریش بۆمبێکی دەنگی دیکە لە بەردەم پەیمانگای کامبریج-ی بریتانی لە شەقامی فەلەستین لە ناوەڕاستی ناوچەیەکی نیشتەجێبون لە بەغدای پایتەخت تهقیوهتهوه، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێبکەوێتەوە.