سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە، شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی.
یەکشەممە 13ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس ، مایکل باومگارتنەر ، سارا جاکۆبس ، وێسلی بێڵ ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێکهاتبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
شاندی کۆنگرێس کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو، هەروەها ئاماژەیان بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمەریکایان بۆ هەرێم دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتگیریی بەردەوامیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەربڕی، هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی وزە و کارەبا و سیستەمی بانکی .
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.