کێشەی مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان چارەسەر کراوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەیان بۆ خەرج دەکات.
بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق تێبینی لەسەر لیستەکانی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبوو، پارەی بۆ خەرج نەکردن.
ئەردەلان دۆسکی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند: “وردبینیکردن و بەدواداچوون لە هەفتەی ڕابردووەوە تەواو بووە، بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە یان پێنجشەممە مووچە بێت، بەڵام لەبەر پشووی عاشوورا وەستا و لە دوو ڕۆژی داهاتوو پارەکە خەرج دەکرێت.”
هۆکاری ڕاگرتنی مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە بۆ وردبینی لیژنەی چاودێریی دارایی دەگەرێتەوە، دوای بەدواداچوون هیچ گرفتێک نەبووە و ماوەتەوە سەر ئەوەی پارەکە خەرج بکرێت.
لەگەڵ گەیشتنی پارەکە ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و مووچەخۆرانی ئەم دوو دامەزراوەیە ئەم هەفتەیە مووچە وەردەگرن.