قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئەو میدیایەی یەكێتی، كە سووكایەتیی بە هەولێر كردووە دەدەنە دادگا. دەشڵێت: ” ئەوانەی بۆ مەرامی تەسكی حزبایەتی و كەسیی خۆیان دەیانەوێت سووكایەتی بە هەولێر بكەن، باجێكی قورس دەدەن و خەڵك لە رۆژی 20ی 10 لە هەڵبژاردن سزایان دەدات.”
ماڵپەڕی (كۆباس)ی سەر بە یەكێتی، وێنەی گوێدرێژێكی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) پۆست كردووە و لەسەری نووسیویەتی: ”بازاڕی كەر لە هەولێر گەرمە!“ ئەمەش كاردانەوەی جۆراوجۆری لێ كەوتووەتەوە.
پێوەند بەم پرسە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، بە رایگەیاند: “ئەوەی ئەو دەزگایەی سەر بە یەكێتی دژی شاری هەولێر كردوویەتی، سووكایەتی و بێڕێزییە بەرامبەر خەڵك و دانیشتوانی هەولێر و كارەكەشیان بە ئامانجێكی سیاسیی ناشیرینە.”
ئاماژەی بەوەش دا: “ئێمە بەرامبەر بەو سووكایەتییە رێگەی یاسا دەگرینە بەر و سكاڵایان لەسەر تۆمار دەكەین و رێگەش نادەین كەس پەلاماری ناو و ناوبانگی هەولێر بدات.”
قایمقامی ناوەندیی هەولێر گوتیشی: “هەولێر سیمبولی ئارامی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، ئەوانەی بۆ مەرامی تەسكی حزبایەتی و كەسیی خۆیان دەیانەوێت سووكایەتیی پێ بكەن، باجێكی قورس دەدەن و خەڵك لە رۆژی 20ی 10 لە هەڵبژاردن سزایان دەدات.”
نەبەز عەبدولحەمید جەختی كردەوە: “هەولێر باوەشی بۆ هەموان گەرم بووە و هەموو لایەكیش دژی هەر سووكایەتییەك دەوەستنەوە، كە بەرامبەر ئەو شارە بكرێت، چونكە هەولێر هێڵی سوورە.”