20.1 C
Chicago
ئه‌یلول 27, 2024
rasr.press

ژمارەیەک پەنابەری کورد لە بەریتانیاوە دیپۆرتی هەولێر دەکرێنەوە

ژمارەیەک پەنابەری کورد لە بەریتانیاوە دیپۆرتی هەولێر دەکرێنەوە.,

سکرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەریتانیا ژمارەیەک پەنابەری کورد، دیپۆرتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 25ـی ئایاری 2024، دەشتی جەمال، سکرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق، بە میدیاکانی ڕاگەیاند، 70 پەنابەری کورد، لە بەریتانیا
دەستگیرکراون و بڕیارە رۆژی دووشەممە حکوومەتی ئەو وڵاتە سێ لەو پەنابەرانە دیپۆرتی هەولێر بکاتەوە.

ئەو سکتێرە ئەوەشی خستە ڕوو، ماوەیەکە پرسی پەنابەران لە بەریتانیا و گواستنەوەیان بۆ وڵاتی روواندا و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان پرسێکی گەرمە و بەوهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر پەنابەر هەوڵی دەرچوون لە بەریتانیا دەدەن و بەشێکی زۆریشیان گەڕاونەتەوە فەرەنسا.

ڕاشیگەیاند، وڵاتانی ئەڵمانیا و نەمساش هاوشێوەی بەریتانیا بە نیازن پرۆژەی ناردنی پەنابەران بۆ ڕوواندا پەرە پێ بدەن و ئەو پەنابەرانەی بە قاچاخ چوونە وڵاتەکانیان و مافی مانەوەیان نییە رەوانەی ڕوواندا بکرێن.

پلانی ڕوواندا کە لە نیسانی 2022 هاتە ئاراوە، لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کاری لەسەر کراوە، رێککەوتنێک بوو لەگەڵ حکوومەتی ڕوواندا.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، لە بەرامبەر وەرگرتنی ملیۆنان پاوەندی بەریتانی، ڕوواندا ئامادەیی خۆی نیشاندا لە وەرگرتنی کۆچبەرەکان.

لە مانگی حوزەیرانیش، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ رەوانەکردنی کۆچبەرانی لە بەریتانیاوە بۆ ڕوواندا بە “نایاسایی” ناساند و رایگەیاند، “ڕوواندا وەکو وڵاتی سێیەم بۆ کۆچبەران سەلامەت نییە”.

دادوەرەکان ڕایانگەیاند، “کەموکوڕییەکانی سیستمی پەنابەریی ڕوواندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کۆچبەرێک کە لە بەریتانیاوە رەوانەی ڕوواندا بکرێت، دەنێردرێتەوە بۆ وڵاتی خۆی و لەوێ رووبەڕووی گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبێتەوە”.

ناردنی کۆچبەران بۆ ڕوواندا، بە گوتەی دادوەرەکانی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، پێشێلکردنی بڕگەی 3ـی یاسای مافی مرۆڤی ئەوروپییە، کە ئاماژە بەوە دەکات، “نابێت هیچ کەسێک ئەشکەنجە بدرێت و رووبەڕووی مامەڵەی نامرۆڤانە ببێتەوە”.

هاوکات، حکوومەتی ڕوواندا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، “سەرەڕای بڕیارەکەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەریتانیا، ئێمە پابەندین بە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا”. بەپێی رێککەوتنەکە؛ دەبوایە بەریتانیا کۆچبەران بنێرێتە ڕوواندا و لە بەرامبەریشدا ئەو وڵاتە 140 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی لە لەندەن وەربگرێت.
بەڵام دوای مانگێک، لە تەممووزی 2023، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ، یاسای پەیوەست بە کۆچی نایاسایی پەسەند کرد. بەو پێیەش، لەمە بەدواوە، هەرکەسێک بە بەلەم و بە رێگەی نایاسایی و قاچاخ پێ بنێتە نێو خاکی بەریتانیا، لە مافی پەنابەرێتی بێبەش دەکرێت و دیپۆرت دەکرێتەوە.

میدیای بەریتانیا دەڵێت، “ساڵی 2023 زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەر بە رێگەی “بەلەم و بارهەڵگر” چوونەتە نێو خاکی بەریتانیا. ئیدارەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیران پێیوایە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەران بارگرانییەکی زۆر دەخاتە سەر حکوومەت بۆ نیشتەجێکردن و حەواندنەوەی ئەو هەموو خەڵکە. هەروەها، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، ئیدارەی سوناک پێی وایە، ئەگەر ئەو یاسایە جێبەجێبکەن، سوناک لە هەڵبژاردنی داهاتوو پێگەی خۆی قایمتر دەکات”.

ئەمانەش هەن

مەلا بەختیار: یەکێتی بەرپرسیارە لە دۆخی ئەمنی و داگیرکاری زەوی لە سلێمانی”

mohammed

وادەی گەڕانەوەی حاجییانی ھەرێمی كوردستان دیاریكرا

mohammed

مه‌سرور بارزانی: پێویسته‌ به‌غدا هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پارێزگا بناسێنێت و بوودجه‌ی بۆ دابین بكات.

aso