ته‌نیا ساڵێك به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وگه‌ی كه‌ربه‌لا كه پاڵه‌وگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه تێ په‌ڕیوه، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كه‌موكوڕی بووه‌ته‌وه و چه‌ندان جاریش وه‌ستاوه و ئێسته‌یش له كار كه‌وتووه.
پاڵاوگه‌ی كه‌ربه‌لا كه پاڵاوگه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و تێچووی دامه‌زراندنه‌كه‌ی حه‌وت ملیار دۆلار بووه، ته‌نیا ساڵێك به‌سه‌ر كردنه‌وه‌یدا تێ په‌ڕیوه، به‌ڵام چه‌ندان جار له كار كه‌وتووه به‌هۆی چاككردنه‌وه و كاركردن تێیدا، ئێسته‌ش جارێكی دیكه وه‌ستاوه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروستبوونی قه‌یرانی غاز له زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق، له كاتێدا بڕیار وابوو عێراق به دامه‌زراندن و ته‌واوبوونی ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌وه، هاورده‌ی به‌نزین و پێكهاته‌كانی دیكه نه‌وت له ده‌ره‌وه ڕابگرێت.
به پێی ڕاپۆرتێكی “سۆمه‌رییه نیوز” كه پشتی به سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو پاڵاوگه‌كه به‌ستووه، چه‌ندان گه‌نده‌ڵی و كه‌موكوڕی گه‌وره و دیار له ناو ئه‌و پاڵاوگه‌یه هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك كه‌موكوڕییه ته‌كنیكییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته 60%، هاوكات گه‌نده‌ڵییه‌كان له ڕووی داراییه‌وه زۆرن به‌تایبه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاڵاوگه‌كه له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا كۆرییه‌كه كه ئه‌و پاڵاوگه‌یه‌ی دامه‌زراندووه، ده‌ستی تێكه‌ڵ كردووه و له گه‌نده‌ڵییه‌كان گلاوه.
سه‌رچاوه‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، پاڵاوگه‌كه ته‌نیا به وزه‌ی 65% كار ده‌كات، له كاتێكدا ده‌بوو به ڕێژه‌ی 100% كار بكات، به شێوه‌یه‌ك له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2024ـدا تێكڕای به‌رهه‌مهێنانی به‌نزینی سووپه‌ر و موحه‌سه‌ن پێنج ملیۆن لیتر بووه له ڕۆژێكدا، كه به گوێره‌ی ئه‌و خشته‌یه‌ی دانرابوو، ده‌بوو هه‌شت ملیۆن لیتر بێت له ڕۆژێكدا، به‌مه‌ش زیانه‌كان له شه‌ش مانگی ڕابردوودا زیاتر له 500 ملیار دینار بوو له به‌رهه‌مهێنانی به‌نزین، ئه‌مه جگه له به‌رهه‌م و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی نه‌وت له‌و پاڵاوگه‌یه، هاوكات كورتهێنانی به‌رهه‌مهێنانی غازی شل به ڕێژه‌ی 40% و كورتهێنانی به‌رهه‌می نه‌وتی سپیش نزیك به هه‌مان ڕێژه.