نیسان 20, 2025
rasr.press

ئەحمەد شەرع ترسی هەیە و هۆشداریش دەدات

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەبەردەم “مەترسییەکی نوێدایە،” بە گوتەی خۆی، پاشماوەی دەسەڵاتی ئەسەد و ئەو “لایەنە دەرەکییانەی پشتیان دەگرن”، دەیانەوێت فیتنەی تازە بنێنەوە و وڵاتەکەی بەرەو شەڕی نێوخۆ ببەن.
شەرع گوتی: “ئێمە بە تەواوی دەزانین ئەو هەڕەشانەی ئەمڕۆ رووبەڕوویان دەبینەوە، تەنها هەڕەشەی سەرپێیی نین، بەڵکو ئەنجامی راستەوخۆی هەوڵە هەڵپەرستانەکانی ئەو هێزانەن کە دەیانەوێت بەردەوامی بە ئاژاوە بدەن و ئەوەی لە نیشتمانە خۆشەویستەکەمان ماوە وێرانی بکەن”.
شەرع ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچە کەناراوییەکان کرد و گوتی، “ئەمە یەکەم جار نییە، چونکە مانگ و نیوێک لەمەوبەر هاوشێوەی ئەمە روویدا و بە پشتیوانی خوا” رێگرییان لێکرد.
سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا رایگەیاند: “رژێمی رووخاو لە ماوەی دەسەڵاتیدا برینی قووڵی بەجێهێشت، زیندانەکانی فەلەستین و سیدنایا، دەزگا ئەمنییەکان، دەستدرێژی، چەکی کیمیایی، راگواستن و رووخاندنی خانووەکان بەسەر دانیشتوانەکەیاندا، هەموو ئەمانە برینێکیان بەجێهێشت کە زۆر بە زەحمەت چاک دەبێتەوە”.
هەروەها باسی لەوە کرد، لە سەرەتاوە هێزە ئەمنییەکانیان “بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و رێگرتن لە روودانی تۆڵەسەندنەوە،” ناردووەتە ئەو شوێنانە کە بە مەڵبەندی عەلەوییەکان، هۆزەکەی بنەماڵەی ئەسەد دادەنرێن، بەڵام دەڵێت، “ئەو هێزانە پەلاماردران و چەندینیان کوژران و سووتێنران و خەڵکی ناوچەکەش پەلاماردران.”
شەرع جەختی کردەوە: “ئەوانەی ئەم تاوانە قێزەونەیان کردووە هەمان ئەو کەسانەن کە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا تاوانیان لە دژی گەلی سووریا کردووە”.
سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا هەروەها بەڵێنی دا “بەبێ هیچ دوودڵییەک، هەر کەسێک دەستی لە خوێنی هاووڵاتییان هەبێت یان ئازاری خەڵکەکەمانی دابێت و ئەو کەسانەی سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەزاندووە یان دەسەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە، سزا دەدەین. هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نابێت و هەر کەسێک دەستی بە خوێنی سوورییەکان سوور بووبێت، زوو یان درەنگ بەرەوڕووی دادپەروەری دەبێتەوە.”
گوتیشی: “ئێمە هەر داواکارییەک یان بانگەشەیەک کە هەوڵی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەمان دەدات، یان بانگەوازی فیتنە بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی سووریای خۆشەویست دەکات، سەرکۆنە دەکەین. لە نێوانماندا ئەم جۆرە داواکارییانە شوێنیان نابێتەوە. سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بە ورەی گەلەکەی و هێزی سوپاکەی یەکگرتوو دەمێنێتەوە و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین کە یەکگرتوویی نیشتمانی تێکبدات یان ئاشتی نێوخۆی لەنێوببات.”

ئەمانەش هەن

پارتی بەیاننامەیەكی توندی بڵاو كردەوە

mohammed

لێدوانی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان

mohammed

لوبنان بڕیاری داخستنی ئەو دەروازە سنوورییەیان دا کە بە ڕووی سووریادا کرابوونەوە.

aso