وەزارەتی دارایی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پابەندنەبوونی وەزارەتەکە بە نەناردنی بڕی پێویستی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
وەزارەتی دارایی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18ـی کانوونی دووەمی 2025 لە راگەیێندراوێکدا گوتی: بودجە بەم شێوەیە بوو: “کۆی گشتیی بودجە 211.86 ترلیۆن دینار بووە کە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بە 12.67٪ کە دەکاتە 16.614 ترلیۆن دینار دیاریکرابوو.”
دەشڵێت، جگە لەوەی سەرەوە، “خەرجی سیادی 0.165 ترلیۆن دینار لە بەشەبودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، 0.003 ترلیۆن دینار قەرزی بانکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، 1.428 ترلیۆن دینار کرێی گواستنەوە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی خەرجییەکانی خزمەتگوزاری و 2.700 ترلیۆن دینار تێچووی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان زیادکراوە، واتە کۆی گشتیی بەشەبودجەی دیاریکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024دا 20.910 ترلیۆن دینار دیاریکرابوو.”
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمە “بە پشتبەستن بە یاسای بودجەی گشتیی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و مادەی 77 ـی یاساکە بووە کە لەلایەن سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە بێ ناڕەزایی هیچکام لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان پەسندکراوە.”
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی عێراق، قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەرانیش کە بە بڕی 9.556 ترلیۆن دینار بووە، بەم شێوەیە بووە:
– مووچەی بنەڕەتی 3.875 ترلیۆن دینار
– دەرماڵە 4.059 ترلیۆن دینار
– بەشداری لە خانەنشینی حکومی 0.455 ترلیۆن دینار
– کرێی گرێبەست 0.163 ترلیۆن
– هەمەجۆرەکان ( پاداشت، کاری زیادە، کرێی بەکارهێنان، کرێی لیژنەکان) 0.167 ترلیۆن دینار.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت لە چوارچێوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستاندا “پابەندبووین بە خەرجکردنی مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵە و بەشداری لە خانەنشینی حکومی بێ پێشێلکاری و کەمتەرخەمی. بڕیاری دادگەی فیدراڵیش بەو جۆرە بوو کە مەرجی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دانا کە دەبێت هەموو فەرمانبەرانی بەجێ بکات، دواتر روونکردنەوەی بڕیاری دادگەکە لەسەر داوای بانکی ناوەندی دەرچوو و رێگەیدا کە بەجێکردن دەکرێت لە رێگەی هەر بانکێکەوە بکرێت.”
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر بنەمای بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەڵساون بە پارەدارکردنی تەرخانکراوەکانیش بەم شێوەیە:
– دابینکردنی رێکخراوی زیندانیکراوان 0.430 ترلیۆن دینار (دوای گواستنەوە بۆ کردن لە چوارچێوەی تەرخانکراوەکانیان)
– مووچەی خانەنشینانی مەدەنی بە ئەنفالکراوانەوە 0.794 ترلیۆن دینار
– مووچەی خانەنشینانی سەربازی بە ئەنفالکراوانەوە 0.650 ترلیۆن دینار
– مووچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی 0.130 ترلیۆن دینار
بەگوێرەی وەزارەتەکە، “تێبینی ئەوەمان کردووە جیاوازی لە پارەدارکردنەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە دەگۆڕدرا، لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرا کە روونکردنەوە بدات. هەرێمی کوردستان پابەندکرابوو بە وەڵامدانەوە، بەو جۆرەش ئەو لیستانە راست دەکرانەوە و مووچەی مانگی ئەیلوول بە لێبڕاوەکانی مانگی شوبات تاوەکو 31ـی 8ـی 2024 خەرج کرا، بەوپێیەش بڕی پارەدارکردنەکە گەیشتە یەک ترلیۆن و 586 ملیار دینار، بەڵام بەداخەوە لە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم، هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە ناردنی ئەو لیستانە بە ناوی دووبارە، بۆیە لیستەکان دوورخرانەوە و بڕی دروست پارە نێردرا. بڕی لێبڕینیش لە مانگی شوبات تاوەکو حوزەیران، 757 ملیار و 282 ملیۆن دینار بووە.”
دارایی فیدراڵ دەڵێت: “هەرێمی کوردستان داهاتەکانی راستەوخۆ خۆی خەرجی کردووە، بەبێ رەچاوکردنی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کردووە بە رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی کە بیخاتە سەر ئەو هەژمارە تایبەتەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کراوەتەوە، لەکاتێکدا لە مانگی حوزەیرانی پارەوە تەنیا 399 ملیار دیناری رادەست کردووە.”