نیسان 20, 2025
rasr.press

شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە هەولێر

رۆژی پێنجشەممە شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە شاری هەولێر.
شاندە باڵاکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقە و لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێریان کردووە.
رۆژی چوارشەممە 10-07-2024 ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و هێرشەکانی تورکیای لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات، بڕیاریشیدا شاندێک بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بەمەبەستی “یەکخستنی هەڵوێست.”
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیاشی گەنگەشە کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە “دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان.”
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن.
هەروەها هاتووە “جەخت کرایەوە لەسەر رەتکردنەوەی هاتنەناوەوەی سەربازیی تورکیا بۆ نێو خاکی عێراق. پێویستە لەسەر تورکیا رەچاوی پرەنسیپی “دراوسێیەتی باش” و “مامەڵەی دیپلۆماسی” لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و، لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگیی لەگەڵدا بکات.”
هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
لە دوو هەفتەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە روویداوە.

ئەمانەش هەن

لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی لە بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

aso

عەبدوڵای كوێخا موبارەك، وەڵامی قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە

mahir

خانەنشینانی یەکەی 70زیاتر لە 10 ساڵە هەماهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە نەکردووە

mahir