چەند بڕیارێک لە بارەى بازاڕى قەیسەرى هەولێر
پارێزگای هەولێر لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر بڕیاری لە 11 رێكار دا و لە كۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ كاسبكارانی قەیسەری هەولێر بە كاسبكارانی گوت، گومانتان لە هەر كەسێك هەیە لەبارەی رووداوەكە، زانیارییەكانمان پێ بدەن و بڕیاریش درا قەرزی بێ قازانج بۆ ماوەی 36 مانگ بە زیانلێكەوتووان بدرێت و ئەوانەیشی دیناری عێراقییان سووتاوە لەرێگەی بانكی ناوەندییەوە لە لقی هەولێر قەرەبوو بكرێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئایاری 2024، پارێزگای هەولێر بڵاوی كردووەتەوە، لە ژێر فەرمان و ڕاسپاردەکانى مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى لایەنى پێوەندار لە دیوانى پارێزگا، پێشوازیی لە سەرجەم دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕی قەیسەری هەولێر کرد.
بەپێی راگەیەنراوەكەی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵیان پارێزگارى هەولێر، وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرانبەر سووتانی بازاڕی قەیسەریی و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى بازاڕەکە، ئاماژەى بەوەدا، لە هەولێر کار و کەسابەتى کاسبکاران لە سەروى هەموو شتێکەوەیە و دڵنیابن کە بەتەنیا جێتاناهێڵین و ئەوەى لە تواناماندابێت درێغى لێناکەین، دووپاتیشی لەوەکردەوە کە هەموو خەڵکی شاری هەولێر وەک ئێوە بگرە زیاتریش دڵگران و خەمبارن بە سووتانی ئەو بازاڕە، چونکە (بازاڕی قەیسەری و قەڵا و منارە) ناسنامەی شارەکەمانە.
لە راگەیەنراوەكە زیاتر هاتووە، لێکۆڵینەوە لە دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە بەردەوامە، ئێوەش هەر کەسێک گومانێک یان زانیارییەکى لایە سوپاستان دەکەین هاوکارى تیمەکانى لێکۆڵینەوە بکەن، دڵنییاشتان دەکەینەوە لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێت و هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوە ڕادەگەیەنرێت.
پاشان پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە چەند بڕیارێکدا کە لە بەرژەوەندى کاسبکارانى بازاڕەکە و لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە وەرگیراوە، لەوانە:-
یەکەم/ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.
دووەم/ پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاوڵاتییان.
سێیەم/ لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زوترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.
چوارەم/ چارەسەرکردنى سەرجەم کەم و کوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.
پێنجەم/ هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.
شەشەم/ ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنییەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.
حەوتەم/ هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگر کەوتنەوەیە زەر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.
هەشتەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.
نۆیەم/ سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگر کەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.
دەیەم/ هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە “بانکى جیهان” بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تاکوو (36) مانگ سوود مەندبێت.
یازدەیەم/ هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى ((تەنيا دینارى عێراقى)) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پێوەندارەكانی حکوومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.
لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: “سەرجەم لایەنەکان ڕاسپێردراون لەگەڵتان دابن لە نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکارتانین، ئێوەش هەماهەنگى تیمەکانبن، لە ئەمڕۆوە دەست بکەن بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانتان و دەست بە کار و کاسبی خۆتان بکەنەوە، دڵنیاشبن وەکوو پارێزگاى هەولێر و حکومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت درێغی لێناکەین.