نیسان 20, 2025
rasr.press

یادی پیرخدری سلێمان کرایەوە

بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیان و بیرەوەرییەکان و باسکردن لە سەروەرییەکان، ئەمڕۆ بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی پیرخدری سلێمانی کردەوە.

لە یادەکەدا هەریەک فازڵ میرانی، سەرپەرشتیاری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وتاریان پێشکرد و باسیان لەوەکرد، کە کورد کەسایەتییەکی گرنگ و خاوەن هەڵوێستی وەک پیر خدری هەبووە، کە هەم وەک شۆڕشگێر و خەباتکارێکی کورد، هەم وەک ڕابەرێکی ئایینی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و جێدەستی بە گەشەپێدانی بیری بەیەکەوەژیان و ئاشتیانە هەبووە.

پیر خدری سلێمان کوردێکی شێخانە و ساڵی 1952 لەدایک بووە، ساڵی 1974 بەکالۆریۆسی لە زمان و کلتووری کوردی وەرگرتووە. لەماوەی ژیانیدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییەکان بووە لەبارەی ئایین و کلتووری ئایینی ئێزدی و کادێرێکی سەر ڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و بەردەوام هەڵوێستی بەیەکەوەژیان و ئاشتەوایی دروشمی بووە. ‌

ناوبراو، ساڵی 2002 لەلایەن سەرۆک بارزانی وەک نوێنەری ئێزدیان بەشداری کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق کردووە و پاشان بۆتە پەرلەمانتاریی کوردستان.

لەمبارەیەوە، عەبدولڕەزاق عەلی، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەبارەی پیرخدری سلێمان گوتی: “سەرڕاست و ئازا و چوست و چالاکی نەتەوەییمانە، چەندان کاری ڕۆشنبیری و زیندووکردنەوەی زانیارییەکانی ئەنجامداوە و پڕۆگرامی خوێندنی ئێزدیاتی لە پڕۆگرامی پەروەردەی ئاییندا چەسپاندووە.”

گوتیشی: “ئەو ئاڵای کوردستانی لە هەموو شتێک خۆشتر ویستووە، بەو هەموو خۆشەویستییەی، کە بۆ کوردستان و ئێزدیان دوای کارەساتی شەنگال، هاواری سەرۆک بارزانی دەکرد، دەیگوت کەسمان نییە لەو دڵسۆتر بێت، بۆیە پێموایە هەر کاتێک خەڵاتی خۆشەویستیی وڵات ببەخشرێت، دەبێ بدرێت بە پیرخدر سلێمان.”

پیر خدری سلێمان کەسایەتییەکی کوردپەروەر و دڵسۆز بوو، کە دوای ساڵانێک لە خەبات و نووسین، لە پاییزی ساڵی 2021 کۆچی دوایی کرد.

ئەمانەش هەن

لە سلێمانی کارمەندێکی دەزگا ئەمنییەکان کوژرا

mahir

سەدر جارێکی دیکە داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا دەکات

Abduljabar Ali

ڕاگەیاندراوێکی گرنگ لە گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

mohammed