وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکرێت.
ئەمشەو چوارشەممە 5/2/2025، وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، وەزارەتی کارەبا لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای نیشتمانی 24 کاتژمێری بۆ هەشت گەڕەکی دیكەی شاری هەولێر دابین دەکات کە بریتین لە گەڕەکەکانی (کوران، ڕزگاری، کوردستان، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ماجیداوە و ڕاستی) و زیاتر لە 28 هەزار هاوبەشی کارەبا لەخۆگرتووە.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “پێشتر گەڕەکەکانی (شادی و بەهاری نوێ و نازناز و بەختیاری و سەربەستی) بە 22 هەزار هاوبەشەوە کرابوونە 24 کاتژمێری و بەم شێوەیە بەکۆی گشتی 50 هەزار هاوبەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.”
ئەوەش خراوەتە روو: “هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیپێکردووە، و لەچەند هەفتەی داهاتوودا چەند گەڕەکێک لەو پارێزگایانەش دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری.”
هەروەها وەزارەتی کارەبا راشی گەیاندووە کە بۆ زانیاری زیاتر، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگەی ژمارە 1992 لەکاتی هەبوونی هەر پرسیارێک یان کێشەیەک، سەنتەرەکە لەکاتژمێر 9ی بەیانی تاوەکوو 9ی شەو بەردەستە.