عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) ڕایگەیاندووە: “پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکەین – کەوا دووپاتی کردووە کە بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بەپێی ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی بێت، لەلایەن بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی ئەنجام بدرێت، و هەروەها فەرمانبەر سەرپشک بکرێت لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەو بانکانەی رەزامەندی بانکی ناوەندییان هەیە – کە هەموو ئەمانەش یەکدەگرنەوە لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من).”
دەشڵێت: “جێگای بایەخە بگوترێت کە تیمەکەمان وەک بەشێک لە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێڕاق کۆبوونەتەوە و نوێترین پێشهاتەکانی پڕۆژەکەیان بۆ باسکردوون وەک چۆن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیشدا هاتووە و ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت لەڕێگەی ناردنی زانیاریی و پێشهاتی مانگانە بۆیان.”
ئاماژەشی بەوە داوە: “هاوتەریب لەگەڵ ئەمەش، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی نزیکمان لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق، بەوپێیەی بە بانکیکردنی مووچە هەنگاوێکی گرینگ دەبێت بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.”
ئەوەشی خستووەتە روو: “داواکارین لە سەرجەم فەرمانبەران کە بەزووترین کات خۆیان تۆماربکەن. بۆ خۆتۆمارکردن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری هەژماری من بە ژمارە 1991.”