
وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا داوا لە هاووڵاتییانی فڕەنسی دەكات كە بە هیچ جۆرێك گەشت بۆ ئێران نەكەن و ئەوانەیشی لەوێن بە زووترین كات وڵاتەكە جێبهێڵن.
ئەمڕۆ چوارشەممە نۆی نیسان، جان نۆیل بارۆ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لەبەردەم لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی وڵاتەكە رای گەیاند، داوا لە گشت هاونیشتمانیانمان دەكەم كە بە هیچ شێوەیەك گەشت بۆ ئێران نەكەن و هاوكات داوا لە گشت ئەوانەیش دەكەم كە ئێستە لە وڵاتەكەن بەزووترین كات وڵاتەكە جێبهێڵن بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتەكە وەك بارمتەیەك دەستیان بەسەردا نەگیرێت.
وەزیرەكەی دەرەوەی فڕەنسا بێ ئەوەی ژمارەی هاونیشتمانیانی وڵاتەكەی لە فڕەنسا ئاشكرا بكات، بەڵام رای گەیاند بە داخەوەم وێڕای ئەوەی پێشووتر هۆشداریمان دابوو كە بۆ وڵاتەكە نەڕۆن بە تایبەت بە مەبەستی گەشت، ئێستا بەشێك لە هاووڵاتیانمان لەوێن.
بارۆ ئەوەیشی گوت كە دوو هاووڵاتی فڕەنسی تا ئێستاش لەلایەن ئێرانەوە بە بارمتە گیراون و فڕەنسایش ئەم دوو بارمتە بە بارمتەی دەوڵەت ناو دەبات بە جۆرێك پێشووتر دوو مامۆستای زمانی فڕەنسی بە ناوەكانی سیسیل كۆلەر لەگەڵ جاك باری لە ئایاری 2022ـەوە بە تۆمەتی سیخووڕی لەلایەن ئێرانەوە بەبارمتە گیراون.