نیسان 20, 2025
rasr.press

داخراو یان ڕەسەن؟

داخراو یان ڕەسەن؟
محمد فائق

مارتن هایدگەر، ژیانێکی ڕەسەن بە جۆرێک لە بڕیاری هۆشمەندانە، کە بەتاڵە لە هەر دۆگم و دەستتێوەردانێکی ئەویتر، پێناسە دەکات. هۆشمەندی لەم ئاستەدا بریتییە لە بیرکردنەوەیەکی ئازاد لەگەڵ تێکست و میراتی گەورەی عەقڵانیەتدا و چوونەدەرەوە و جیاوازبوونێکی بەرپرسیارانەیە لە دەرەوەی جوغزەکانی وەکیەکسازی و سادەسازیی فەرهەنگی کۆمەڵایەتییەوە، کە لەمڕۆدا واقیعی مەجازی ئاراستەی دەکات. تەنها لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە دەتوانین پێگەی خۆمان لەنێو جیهاندا تێبگەین و نەبینە بەشێک لەو کولتوورەی کە هەمیشە عەبەسیەت و بەتاڵی بەرهەمدەهێنێتەوە، مرۆڤێک دروست دەکات کە مۆدەکان سنووری بیرکردنەوە و پێگە ئابوورییەکانیش ڕاددەی بوونی دیاری دەکەن؛ مرۆڤێک کە ئەگەر توانیی خۆی هاوئاست بکات لەگەڵ گشتدا ئەوا خۆی پێ تەوەری گەردوونە و ئەگەرنا بۆ ئەبەد خۆی دەخزێنێتە باوەشی عەبەسیەت و خۆ بە هیچ زانینەوە.

لە سەردەمێکی ئاوادا کە بەهاکان لەرزۆک و مانا جێگیرەکان یان گومانیان کەوتووەتە سەر، یان زیاد لە تەفسیرێکی دژ بەو تەفسیرە باوەی هەیانبوو هەڵدەگرن؛ ژیانێکی ڕەسەن سەختە. لە کۆنتێکستێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتیدا کە شێوازی ژیان (ئەویترێکی نەبینراوی باڵا) دەستنیشانی دەکات و تاکە نۆرمیشی بۆ ئەم بەرچەسپ لێدانە بریتییە لە (مۆد)، قورسە بژیت و نەهێڵیت ئەم (ئەویتر)ە دەستوەربداتە سنوورەکانتەوە. ئەمڕۆ کولتووری دیجیتاڵی کە لەلایەن تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بیناکراوە و دەکرێت، فۆرمی ژیان و بیرکردنەوەمان ئاراستە دەکات، ئیدی لەبری گەڕانەوە بۆ حیکمەتی حەکیمەکان و کتێبی ئەستووری فەیلەسووفان، چاومان لە مۆدێل و یوتوبەر و ڤڵۆگەرەکانە پێمان بڵێن چی بکەین، بخۆین، بپۆشین، بڵێین و هتد.

ئیدی ژیانی ڕەسەن دەبێتە ڕیسک و خۆ ئامادەکردنێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پرۆکۆست و قەرەوێڵەکەی، یەکەم هەنگاوی پرۆکۆستییانەی کۆمەڵگەیش تانە لێدانە بە فەلسەفەلێدەر یان داخراو و کلاسیک! بێ حاڵیبوون لەوەی ژیان بەو هەمووە ئاڵۆزییەوە هی ئەوە نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ ناوەوە، لە سایەی حیکمەتی بۆشی مۆدەکاندا بیبەیتەسەر، یان وەک سۆکرات دەڵێت: “ژیانێکی تاقینەکراوە، ژیان نییە”. کۆمەڵگەی وەکیەککراو لەوە تێناگات کە گەڕانەوە بۆ خۆ داخراوی نییە، بەڵکوو ئیستێکە لەپێناو تەفسیرکردنەوە و ماناپێدانی یەک لەدوای یەکدا، تێهەڵچوونەوەیە بۆ هەنگاوی پڕوزەتر و قووڵتر لەپێناو ژیانێکی سادە بەڵام قووڵتردا، نەک وەک ئەوەی هەندێک بە دەستەوسانی و داخراوی پێناسەی دەکەن. داخران ئەگەر بە مەبەستی ژیانێکی ڕەسەن و مانادار بێت، بێ دوودڵی دەهێنت بە خاتری ڕووبەڕووی پرۆکۆستی کۆمەڵگەیش ببیتەوە، سەرکێشییەکی جوانە کە لە ڕێگەی ئەنجامەکانەوە شەڕی خۆی دەکات و ژیانی خۆی درێژ دەکاتەوە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بپرسین: کرانەوە بۆچی و لەپێناو چیدا، ئەگەر بەرهەمهێنەرەوەی هەمان مانا بیت؟

ئەمانەش هەن

مەسرور بارزانی: دەبێت هەموو مانگێک بۆ مووچە شەڕ لەگەڵ بەغدا بکەین

Abduljabar Ali

سبەی لە هەشت پارێزگای عێراق پشووە

mohammed

سبەی لیستی مووچەی مانگی سێ بۆ بەغدا دەنێردرێ

mahir