19.4 C
Chicago
حوزه‌یران 7, 2025
rasr.press

سه‌رۆك بارزانی: جینۆسایدی شنگال برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان.

یاسی
سەرۆک بارزانی: پێویستە دۆخی نایاسایی و نائاسایی دەڤەری شنگال کۆتایی بێت
کوردستان24 دیجیتاڵ میدیا
1 كاتژمێر

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی
کوردستان سەرۆک بارزانی شنگال حکوومەتی هەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق
سەرۆک بارزانی لە 10 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بە پێویستی دەزانێت “ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی دەڤەری شنگال سەپێندراوە، كۆتایی بێت”.

شەممە، 03-08-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە 10 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند “ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون”.

سەرۆک بارزانی لەم یادەدا بە پێویستی دەزانێت “ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە، كۆتایی بێت”.

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی شنگال:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جینۆسایدی شنگال و، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش دە ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

مەسعود بارزانی

ئەمانەش هەن

ئاوات شێخ جەناب وازی هێنا

mohammed

بەریتانیا ڕۆڵێکی گرنگ هەيە لە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.

aso

بەھۆی ئەمریکاوە بەسەدان پلەداری ئێرانی لە کووشتن رزگاریان بوو

mahir