له چاوپێکەوتنێکی نوێیدا سهرۆک مهسعود بارزانى لەگەڵ كهناڵى (الشمس) ڕایگهیاند، بە مەزڵووم عەبدیم وت بێ هیوا نەبێت، هەوڵ بدات بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا چارەسەر بکات و خۆیشی لە هەژموونی دەرەکی بپارێزێت.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گفتوگۆکەیدا لە کەناڵی الشمس باسی لەوە کرد: ئەوەی لە ئیدارەی نوێی سووریا گوێمان لێدەبێت باش و ئەرێنین، هیوادارین قسەکان بکرێنە کردار و مافی خۆشمانە نیگەران بین چونکە نابێت تەنیا لە چوارچێوەی قسەدا بمێننەوە، کورد لە ساڵی 1962ەوە بەدەست تەعریب و چەوساندنەوە دەناڵێنن لە سووریا، هیواخوازین حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە سنوورێک بۆ ئەمە دابنێت بەرامبەر بە کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکە، داواش لە کوردان دەکەین ڕێبازی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێ بگرنەبەر.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد، پارتی کرێکارانی کوردستان ‘پەکەکە’، بیانوو دەداتە تورکیا دەستێوەردان لە نێوخۆی سووریا بکات.
سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد: “هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە سووریا ببینێت، لە یەکخستنی هەڵوێستەکان و هاندانی کورد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، هاوکات هاوکاریکردنیان لەوەی سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەربگرن، هەوڵیش دەدەین هاوکاریی ئابوورییان پێشکەش بکەین. نەک تەنیا کوردیش بەڵکو هەر مرۆڤێک ستەمی لێبکرێت، گەر پێمان بکرێت بێ دوو دڵی هاوکاری دەکەین”.
سەرۆک بارزانی لەبارەی پێکهاتەکانەوە قسەی کرد و گوتی: “حەزم بە دەستەواژەی “کەمیینەکان” نییە، هەر بۆیە پێش چەند ساڵێک ڕۆیشتمە پەرلەمان و داوام لێکردن، دەستەواژەی “پێکهاتەکان” لەبری کەمیینەکان بەکاربێنن و خۆشم بەکاری ناهێنم.