پەیوەست بە مووچە و خانەنشینان، تیمێک چووەتە بەغدا، سبەیش تیمێکی دیکە دەچێت، لە وەزارەتی دارایی کوردستانیش لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە.
تیمێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی کوردستان کە پێکهاتوون لە نەهرەوان گەنجۆ، بەڕێوەبەری میلاک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجە و عەبدوڵڵا ڕەمەزان، ڕاوێژکار لە بودجە، ئەمڕۆ چوونەتە بەغدا، لەبارەی میلاک (بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دەستپێکردنەوەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ) گفتوگۆ دەکەن، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق باسی ئەوە دەکەن کە سێ تەمەن پێکەوە خانەنشین کراون و دەبێت شوێنیان پڕبکرێتەوە.
سبەی تیمێکی دیکەی تەكنیكیی تایبەت بە خانەنشینان دەچێتە بەغدا، چوونی شاندەکە بۆ چەند مەبەستێکە، بۆ هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی زیاتر، جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خانەنشینی و ئەو گرفتانەی ماون لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی لە مانگی دوو هەموویان یان بەشێکیان چارەسەر بکرێن، بەتایبەت پرسی کەمبوونەوەی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی پلەدار.
لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان لیژنەیەک لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ یەکخستنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی پێکهێنراوە، تاوەکو بکرێن بە یەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەت بێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دۆسیەی خانەنشینانی پێشمەرگە، خانەنشینانی سەربازیی و هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بگوازرێتەوە.