برین لەسەر برین و غەدری نوێ، داگیركاری زیاتر و پێشێلكردنێكی نوێ، ئەمانە هەمووی دەرهاویشتەی خیانەتەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و رێكەوتنی 10ی ئۆگەستی هۆتێل رەشیدە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێ گەڕانەوە بۆ سازان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد لە كەركووك، لە پێناو پۆستی پارێزگاری شارەكە، سازشی لە هەموو پرەنسیبە نیشتمانییەكان كرد و لە رێكەوتنی لەگەڵ عەرەبەكان، دڵنیایی درابوو پێیان كە چیتر پێشمەرگە و ئاسایشی كوردستان نەگەڕێنەوە شارەكە.
لە نوێترین پێشهاتەكانی ئەنجامی رێكەوتنەكەی یەكێتی لەگەڵ عەرەب، ئەمڕۆ دەیان عەسكەری سوپای عێراق رێگرییان لە جووتیارانی كورد كرد تا زەوییەكانیان بكێڵن.
“وشە” لەم راپۆرتەدا، وردەكاری رێكەوتنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە زاری سەركردە عەرەبییەكان وەبیر خوێنەر دێنێتەوە:
پارتی ئامادە نەبوو سازش لەسەر كوردستانیبوونی كەركووك بكات
قەیس خەزعەلی فەرماندەی میلیشیاكانی عەسائیب ئەهلی حەق لە چاوپێكەوتنێكیدا كە لە كەناڵی “عەهد”ی میلیشیاكەدا پەخش كرا، بە فەرمی رای گەیاند، ئەوان كەركووك بە شارێكی كوردستانی نازانن و تەنانەت پێیان وایە كە مادەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراقیش پارێزگای كەركووك ناگرێتەوە.
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا خەزعەلی روونی كردەوە، ئەوان بۆیە لەگەڵ پارتی ڕێكەوتن ناكەن، چونكە پارتی ئامادە نییە دەستبەرداری كوردستانییەتی كەركووك ببێت، بەڵام یەكێتی كەركووك بە كوردستانی نازانێت.
“چیتر ئاڵای كوردستان لە كەركووك بەرز نەكرێتەوە و ئاسایش و پێشمەرگەش نەگەڕێنەوە شارەكە”
بەشێكی تری رێكەوتنەكەی نێوان بەشێكی عەرەب و یەكێتی ئاشكرا كراوە لە زاری ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، كە هاوكات خۆی بە سەرۆك عەشیرەتی “عوبێدە” دەزانێت و ئاماژەی كردووە رێكەوتن لەگەڵ یەكێتی كراوە ئاڵای كوردستان بەرز نەكرێتەوە، بە جۆرێك “وەسفی عاسی” لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی “الاولی” ئاماژەی دا ئەو رێكەوتنەی ئێمە لەگەڵ یەكێتی كردوومانە دەیان ساڵە عەرەبەكانی كەركووك خەون بەم دەستكەوتانە دەبینن.
سەرۆك عەشیرەت و ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران روونی كردووەتەوە، لە 20 ساڵی رابردوودا بەردەوام كێشە لەنێوان كورد و توركمان و عەرەب هەبوو، ئێمە بەو ڕێكەوتنەمان توانیمان كەركووك لەم كێشەیە دەرباز بكەین و ئەمڕۆ كێشەی كەركووكمان خستووەتە لاوە و كەركووك چووەتە قۆناغی پرۆژەی سیاسییەوە.
عاسی ئەوەیشی روونكردەوە كە ئەگەر ئێمە یەك چركە هەست بەوە بكەین یەكێتی هەمان ئەو سیاسەتەی پێشوو جێبەجێ دەكات، یەك هەنگاو لەگەڵی ناڕۆین، بەڵام یەكێتی پێمان دەڵێ من بەشێكم لە عێراق و لەژێر ئاڵای عێراقم و هێزە تەناهییەكان ئەو هێزانەن كە دەمپارێزن و دەسەڵات و پۆستەكەم دەپارێزن.
وەسفی عاسی دڵنیایی داوە لە نەگەڕانەوەی ئاسایش و پێشمەرگە بۆ كەركووك لە رێگەی رێكەوتنەكەیان و روونی كردەوە كە ئەگەر ڕۆژێك بینیتان ئاسایش و پێشمەرگە دەهێنن هەقی خۆتانە، تەنانەت ڕێكەوتووین ئاڵای كوردستانیش لە كەركووك بەرز نەكرێتەوە. هەروەها هەموو بەندكراوان لە بەندیخانەكانی سلێمانی ئازاد دەكرێن و هەر كەسێك ناوێك دەزانێت لە بەندیخانەكانی سلێمانی، با پێمان بڵێت رۆژی دواتر بەدوایدا دەچین و ئازاد دەكرێت.
“پۆستی پارێزگار هیچ بەهایەكی نییە كاتێك هەموو پۆستەكانی تر وەرگیراوەتەوە لە كورد”
بەپێی ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ بەشێك لە ئەندامانی عەرەب و توركمانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، بووەتە هۆی لەدەستدانی لانی كەمی 37 پۆستی تری باڵای ئیداری و تەنەزوول لە بەرانبەر پۆستی پارێزگاردا لەسەر كراوە، وەك ئەو بەڵگەنامانەی كە “هاوپێچن” لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا، رێكەوتن كراوە كە 19 پۆستی باڵا بۆ عەرەب و 18یش بۆ توركمان بێت.
لەمبارەوە پەرلەمانتارە عەرەبەكە “وەسفی عاسی” لەبارەی پۆستەكانەوە روونی دەكاتەوە كە گۆڵی خۆیان لە “دڵی كوردستان” كردووە و لە چاوپێكەوتنە میدیاییەكە دەڵێ: بەهای پارێزگار بەو تەرازووە چییە؟ پۆستی پارێزگار بەو پێوەرە بەهای چییە؟
لەلایەكی تریشەوە لەبارەی تەنەزوولی یەكێتی بەرانبەر هەموو پۆستە هەستیارەكان لە بری پۆستی پارێزگار، مهەیمەن حەمدانی كە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە بزاوی بابلیوونی سەر بە رەیان كلدانی، لە چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستە هەموو پۆستە هەستیارە تەناهییەكان “ئەمنی” لای عەرەبە و كەس ناتوانێت دەست بۆ عەرەب درێژ بكات.
حەمدانی روونی دەكاتەوە كە ئێستە لە سایەی رێكەوتنەكەوە بەڕێوەبەری هەواڵگری عەرەبە، فەرماندەی پۆلیس عەرەبە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان عەرەبە، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوان عەرەبە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر عەرەبە، فیرقەی 11 و هەشت و شەشی فیدراڵی عەرەبن، دووپاتیش دەكاتەوە لەناو ئەو هەموو پۆستە تەناهییەدا كە بە عەرەب دراوە ئەگەر عەرەبەكان نەپارێزران ئەوە دەبێت فەرماندەی پۆلیس بچێتەوە ماڵەوە.
ئەم قسانەی حەمدانی لە كاتێكدایە كە رەعد ساڵح ئەندامی ئەنجوومی پارێزگای كەركووک لەبارەی قازانجی عەرەب لە رێكەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتیدا دەڵێت، لە سەردانەكەماندا بۆ پیرمام بۆ لای سەرۆك بارزانی، لەسەر ئەوە ڕێكەوتین خولی پارێزگاكە بەسەر سێ ماوەدا دابەش بكرێت، یەكەم ماوە بۆ كورد بێت، پاشان دووەم بۆ توركمان و سێیەمیش بۆ عەرەب بێت، هەروەها پۆستەكان بە یەكسانی بەسەر هەر سێ پێكهاتەكەدا دابەش ببن، لەگەڵ ئەوەی سەرۆك بارزانی مەرجی ئەوەی دانابوو كە سەرۆكایەتیی پۆلیس دەبێت بۆ كورد بێت، هەروەك لەلایەن هەمان ئەندام ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكەوە “موهەیمن حەمدانی” ئاشكرا كرا كە لە میانی کۆبوونەوەی ڕۆژی چواری ئابدا لە بارەگاکەی، سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە نابێت پارێزگاری کەرکووک بۆ عەرەب بێت. دووپاتیشی کردەوە کە کورد خاوەنی حەوت کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکە بە ڕاشكاوی باسی لەوە كردبوو، “قەبووڵ ناکەین پارێزگار عەرەب بێت، هەروەها سازش لەسەر مافەکانی کورد ناکەین”.
ئەوەی بۆ كەركووك بەدەست هاتبوو، هەمووی لەناو برا “ئەوەی بۆ عەرەب بەدەست هێنرا، لە 2003ەوە وێنەی نەبووە”
د.محەمەد عەلی تەمیمی کە سەرکردەیەکی عەرەبی سونە و هاوكات وەزیری پلاندانانی عێراقە بۆ دڵنیایی دان بە عەرەب و توركمان لەسەر چەندان پۆستی رەخنەیی عەرەب و توركمانەكان كۆمێنتی نووسی و ئاماژەی كرد “لە ئەنجامی رێكەوتنی نێوانیان لەگەڵ یەكێتی ئەوەى بەدەستی هێناوە لە كەركووك، لە ساڵی 2003ەوە بەدەست نەهێنراوە” و دواتر كۆمێنتی ئەم سەركردە سونەیە، هەم بووە هۆی پەردە هەڵماڵین لەسەر نهێنیی ئەو رێكەوتنانەی یەكێتی و هەمیش دامركاندنەوەی توڕەیی عەرەب و توركمانەكان لە شەقام.
ئەم سەركردە سونەیە بۆ عەرەب و توركمان زیاتر روونی كردووەتەوە، بەوەی كە پۆستی پارێزگار تەنیا ساڵێك و چوار مانگی تر لای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەمێنێتەوە و دواتر دوو ساڵی پاشتر بۆ عەرەبە.
لە بەشێكی تری ئەو كۆمێنتانەی كە وەڵامی ناڕەزایەتیی عەرەبەكانی پێداوەتەوە، ئەم سیاسییە سونە عێراقییە بۆ هەوادارانی نووسیوویەتی، هاوڕێ و لایەنگرانم لە كەركووك متمانەتان پێم هەبێت، رێكەوتنەكە “مەبەست لێی یەكێتی و بەشێك لە عەرەب و بزاوی بابلیوونە” زۆر بە ئینسافەوە كراوە، ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی بەهیوای ئەوەبوون چارەگێكی ئەم دەسكەوتانە بەدەستبهێنن كە ئێستە لە ئەنجامی ئەو رێكەوتنە بەدەستهێنراوە.
ئەمەی لەم راپۆرتەی “وشە” خرایە بەر باس، كورت و پوختی رێكەوتنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لەگەڵ عەرەب، لە زاری سەركردە عەرەبییەكان خۆیانەوە، دەرهاویشتە و ئەنجامەكانیشی بەردەوامن و پێشهاتەكانی ئەمڕۆش شایەتی دەرەنجامەكانی ئەم رێكەوتنەن.