بۆ گەڕانەوە و بەشداریکردن لە سەرژمێری، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرنامەیەکی جیاواز بۆ کارئاسانی و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات، بەرپرسی لقی پارتی لە قەرەچوغ دەڵێت”250 خانوو بۆ ئەو ماڵباتانە ئامادەکراون کە شوێنیان نییە”.
بڕیارە ڕۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتیی لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەبچyت، بەوهۆیەوە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیێنراوە.
سەنگەر کانەبی، بەرپرسی لقی پارتی لە قەرەچوغ، گوتی: بۆ هاندانی خەڵک و گەڕانەوەیان تاوەکو بەشداری لە سەرژمێری بکەن، ئێمە بەرنامەیەکی تایبەت پەیڕەو دەکەین.
پارتی 250 خانووی لەنێو سەنتەری ناحییەی دیبەگە ئامادە کردووە، هەر خانوویەک دەتوانێت چوار بۆ پێنج خانەوادە کە کەسوکاری یەکن تێدا سەرژمێری بکرێت، واتە هەر کەسێک شوێنی نەبێت دەتوانێت لەگەڵ خزمێکی بچێتە ناو خانوویەک.
سەنگەر کانەبی دەڵێت “بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسیی خانووەکان دەدرێن بەو ماڵباتانەی کە بەشداری لە سەرژمێری دەکەن، ئەم بەرنامەیەش تەنیا هی پارتییە و هاندانیشە بۆ لایەنەکانی دیکە”.
هۆکارەکانی گواستنەوە، ئاوی خواردنەوە و پێداویستییەکانی ژیان بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئەو گوندانە دابین دەکرێت کە هیچ پێداویستی ژیانیان تێدا نییە.