
مەسرور بارزانی دەڵێت، پێویستە هەرێمی کوردستانیش لەو رێککەوتنەدا بەشدار بێت کە بڕیارە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گازی کەرکووک لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم BPی بەریتانیدا بکرێت. دەشڵێت، “چیدیکە ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی بەغدا لەگەڵ ئێمەدا دەیکات.”
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆسی سویسرا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: “ئەو ناوچەیەی کە بەغدا لەگەڵ BP گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، ناوچەیەکی ناکۆکیلەسەرە. بە پێی دەستوور، ناوچە ناکۆکیلەسەرەکان شوێنێک نین بەغدا یان هەولێر بتوانن تاکلایەنانە بڕیاریان لەسەر بدەن.”
دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە ئەنجامی هێرشی داعش لە ساڵی 2014، پێشمەرگە پاراستنی کەرکووکی لەئەستۆگرت. لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، شارەکە کەوتەوە دەستی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لە دژی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک نین، بەڵکو دژی “میکانزمەکەن”.
سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، رێگەیەکی بەردەم هەرێمی کوردستان بۆ بەشداربوون لەو گفتوگۆیانە ئەوەیە، بەرپرسانی کورد بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیا بەریتانییەکە کۆببنەوە. “کورد دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەکاربێنێت بۆ ئەوەی گوشار لە عێراقییەکان و BP بکەن بەشدارییان پێ بکەن.”
چاوەڕواندەکرێت لە یەکەم هەفتەی مانگی داهاتوو، عێراق و BP گرێبەستێکی چەندین ملیار دۆلاری واژۆبکەن بۆ ئەوەی کێڵگەکانی کەرکووک پەرەیان پێ بدرێت.
مەسرور بارزانی بە رۆیتەرزی گوتووە: “ئێمە هەژموونی ئەوەمان نییە ئەوە بوەستێنین،” بەڵام گرێبەستەکەی بە “نادەستووری” ناوبردووە.
هەفتەی رابردوو، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندبوو، چاوەڕواندەکرێت گرێبەستەکە لەوەیان گەورەتر بێت کە ساڵی 2023 لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسیدا واژۆیان کرد، کە قەبارەکەی 27 ملیار دۆلار بوو.
بەغدا و BP رێککەوتنێکی سەرەتاییان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی کەرکووک واژۆکردووە.
BP ئەندامێکی ئەو کۆمەڵە کۆمپانیایە بوو کە لە بیستەکانی سەدەی راربدوو نەوتی لە کەرکووک دۆزییەوە و مەزەندە دەکرێت، یەدەگی نەوتی شارە کوردستانییەکە 9 ملیار بەرمیل بێت.