بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە کاری وردبینکردنیان بۆ ھەزاران فۆڕمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران تەواو کردووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی ڕەزامەندی دابەشکردنیان بدرێت.
سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: “دوای بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرندا، دەستمان بەدابەشکردنی فۆڕم بەسەر تەواوی شارەوانییەکان کرد بۆ ئەوەی بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەکان دابەشی ئەو فەرمانبەرانەی بکەن کە سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی.”
گوتیشی: “بۆ ئەو مەبەستە دوای بڕیارەکە واتە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کاری وردبینکردنی 16 ھەزار فۆڕممان تەواو کردو ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەریاندا دواتر ناوەکانمان بۆ شارەوانییەکان گەڕاندەوە و زۆربەی شارەوانییەکان دەستییان بە دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر فەرمانبەران کرد.”
سەربەست مەولود باسی لەوەش کرد: “ئێستا کاری وردبینکردنی 100 ھەزار فۆڕمی دیکەمان تەواو کردووە و بەنیازین دوای تەواوبوونی پشووەکانی سەری ساڵ و دەستپێکردنەوەی دەوام، ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی بکەین بۆ ئەوەی ڕەزامەندیان لەسەر بدات ئێمەش ئاراستەی شارەوانییەکانی بکەین و زەوی بدەنە فەرمانبەران.”
ڕوونیش کردەوە: “نزیکەی 400 ھەزار فۆڕم لەلایەن فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکان پڕکراونەتەوە بۆ وەرگرتنی زەوی کە ھەوڵدەدەین بە چەند قۆناغێک تەواویان بکەین و بەپێی مەرج و ڕێنوێنییەکان و بەپێی کارتی زانیاری، زەوی بدرێتە فەرمانبەران.”