پارێزگای هەولێر داوای لە هاووڵاتییان كرد بۆ سەلامەتى تەندروستى خۆیان و ماڵ و منداڵیان، لە بەردەم دوکان، لەسەر شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکان قوربانی نەکەن، بەڵكو ئاژەڵان ببەنە کوشتارگەکان لەوێ بکرێتە قوربانى.
ئەمرۆ سێشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ڕۆژانى جەژنى قوربان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا وەک ئامادەکاریی بۆ جەژنى قوربان، لیژنەکانی قائیمقامییەتەکان و بازرگانی ڕاسپێردران لە نزیکەوە چاودێرى بازاڕ و نرخ و کوالێتى کەلوپەل و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان بکەن.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە مەترسسییەکانى (تای خوێن بهربوون) داوا کرا هاووڵاتییان بۆ سەلامەتى تەندروستى خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکاریان، قوربانى لە بەردەم دوکان، سەر شەقام، گەڕەک و کۆڵانەکان نەکەن، بەڵكو ئاژەڵ لە کوشتارگەکان بە پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت و بکرێتە قوربانى.
سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ لە ڕۆژانى جەژن و پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاووڵاتییان، کۆبوونەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان کردەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەدرا كە بۆ رۆژانى جەژن هەموو ئامادەکاری و ئاسانکارییەک بکرێت بۆ هاتنى گەشتیاران، لەمبارەیەشەوە بەرێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر و بەرێوەبەرایەتى بازگەکانى ڕاسپارد ئامادەکارى تەواو بکەن لە چۆنییەتى پێشوازیکردنیان.