سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کەرکووک ڕایگەیاند: کەرکووک لەبەردەم گرفت و ئاریشەی قووڵدایە و وردە وردە دیمۆگرافیای کەرکووک دەگۆڕێت و گەڕەک زیاد ئەکات و ناسنامە بۆ خەڵک دەگۆڕن.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گوتی: لەگەڵ بەرپرسانی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دیدارێکمان لەسەر کۆی کێشەکانی کەرکووک کرد، چونکە کەرکووک لەبەردەم گرفت و ئاریشەی قووڵدایە، بۆیە پێویستمان بە گوتارێکی هاوبەشیی سیاسی ورد هەیە.
گوتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین ئەو هەوڵانەی کەوا بە ئاراستەی تەعریبێکی نوێ دەدرێت کەمی بکەینەوە، هەروەها بڕوامان بە برایەتی و تەبایی بێ چەند و چوون هەیە لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان، بەڵام پێمان وایە ئەو برایەتییە دەبێت لایەنی خاوەن دەسەڵات لەو شارە کاری لەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە دان بەو برایەتییە نانێن.