50 ساڵ به سهر لهسێدارهدانی لهیلا قاسم، یهكهم كچه شههیدی بزووتنهوهی ڕزگاریخوازیی كوردستان و چوار له هاوڕێكانیدا تێدهپهڕێت، ئازار و ئەشکەنجەدانی دڕندانهی جەلادەکانی بەعس نەیانتوانی لەیلا لە ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکەی پەشیمان بكهنهوه و بە سروودی ئەی ڕەقیبەوە چووە بەردەم پەتی سێدارە.
کورتەیەک لە ژیاننامەی لەیلا قاسم
کچە تێكۆشەری كورد، ساڵی 1952 لە گوندی بانمیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی نیشتمانپەروەری كورد لە دایك بووە. قاسم حەسەنی باوكی لەیلا، كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوگەی نەوتی ئەلوەند بووە، دوای خانەنشینیی ساڵی 1971 لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بەغدا، ئەو کات تەواوی خوشك و براكانی لەیلا بە ناوەکانی (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەلاح) قوتابی بوون و لە پاڵ ئەرکی خوێندن بۆ پەیداکردنی بژێوی کاریان کردووە.
لەیلا قاسم بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1958 لە خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو كردووە، لە ساڵی 1971 دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێجی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.
لەیلا قاسم لەگەڵ ئەوەی لە بنەماڵەیەکی هەژار و کوردپەروەر بوو هەمیشە بەرانبەر بەو زوڵم و زۆردارییەی ڕژێمی عێراق لە دژی گەلی كورد دەیکرد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشان زیاتر پەرەی دەسەند.
لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی
ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و ڕۆشنبیرانی كورد، دوای دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی ڕاستەوخۆ لە دادگایی کردنێکی نادادوەرانە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركردن لە کاتێکدا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێ نەپەڕی بوو. لە كاتژمێر 7ی بەیانی ڕۆژی 12ی ئایاری 1974 لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی بە ناوەکانی جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان لەسێدارە دران.
لەیلا قاسم بە جلە کوردییەکانیەوە و بە وتنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، دەچێتە بەردەم پەتی سێدارە.
لەدوا ساتەکانی ژیانیدا بە جەلادەکانی بەعس دەڵێ: “دوای لەسێدارەدانی من، ھەزاران کورد وشیار دەبنەوە. زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم، کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستان دەکەم”.
لەیلا دەڵێ: “بەم جلە کوردییانەمەوە دەبمە بووکی کوردستان”.
سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە تیرۆر کرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات.
دایك و باوكی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە كۆست و خەمێكی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردووە.
دەنگدانەوە و کاریگەریی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم
ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستان و بەشێک لە وڵاتاندا بڵاوبووەوە، جیا لە کاردانەوە و کاریگەرییە ناوخۆییەکان لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێکی دەرەکی ئەوکات ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم وەك لەسێدارەدانی یەكەم ئافرەت لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاو کرایەوە.
لە ئاستی ناوخۆدا لەسێدارەدانی كچە كوردێك بەدەستی ڕژێمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی كوردستان و بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد ڕوو بچنە ڕیزی شۆڕش و ڕوو لە شاخەکان بکەن بۆ ئازادی.
هەروەها لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران کچی تازە لە دایکبووی كورد بە ناوی لەیلاوە ناو نران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و چەندین ڕووناکبیری دیکە.
هێمنی شاعیر لەسەر قارەمانێتی لەیلا قاسم دەڵێ:
کـە تۆ تۆرای لە چاوم وەك خەوی مـن
لـە بسـکـت ڕەشـترە مـانگەشـەوی مـن
بڕۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە
کـە نـاوبـانـگی پـتر ڕۆیــی ئەوی من
بـزەی ھـاتـێ، وتی جـەلادی خوێڕی!
بـە کـەیفـی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم
ئــەوە پـەت نـییە مــیدالـی ئـیـفـتـخـارە
کـە بــوومـە قـارەمــانی مـیللەتـی خۆم