تەعریب كردنی کەرکووک گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و دەیان بەڵگەی تەعریب و هێنانی عەرەب لە شارەکانی دیکەی عێراق بۆ سەنتەری کەرکووک دەوروبەری ئاشکرا بوون.
هەوڵەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەجۆرێک کاریگەری لەسەر داهاتووی شارەکە دروستکردووە، بووەتە مەترسی لە سەر دابڕاندنی کەرکووک لە ناسنامە کوردستانییەکەی، ئەمەش لە کاتێکدا پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون بڕیارە بکرێت.
بەگوێرەی بەڵگەکان ئەو تەعریبەی لە حەوت ساڵی ڕابردوودا لە سەردەمی ڕاکان جبووری لە کەرکووک کراوە، زیاترە لەو تەعریبەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە شارەکە کردوویەتی، گواستنەوەی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی، باوترین ڕێگەکانی تەعریبن لە کەرکووک.
لەمبارەوە کاروان کەمەرخان بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێ “لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێکخراوی شاڵاوی بەعەرەب کردن لە کەرکووک بەردەوامە، بۆ نموونە لە یەکەم هەفتەی دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر خانەوادەی عەرەب لە ناوچەکانی دیکە هێنراوە و لە ناو کەرکووک نیشتەجێکراوە، جیا لەمانە گواستنەوە ناسنامەی باری شارستانی و فۆڕمی خۆراک، کارتی نیشتەجێبوون بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم بۆیان دەرکراوە و ئەمەش تەعریبێکی زۆر مەترسیدارە”.
پلانەکانی تەعریب لەکاتێکدایە، عێراق بڕیایداوە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەهۆی کاریگەری لەسەر داهاتووی کەرکووک کورد ئەوسەرژمێرییە ڕەتدەکاتەوە.
لەلایەن خۆیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستا هەیە ئەنجامەکانی سەرژمێری ڕەتدەکەینەوە و دانی پێدانانێین، گوتیشی “سەرژمێری نابێت لە کەرکووک بکرێت، ئەگەر هەر بڕیار بێت پرۆسەکە لە کەرکووکیش بکرێت، دەبێت بە چەند پێوەرێكی تایبەت پرۆسەکە بکرێت، بە دەر لەو پێوەرانە هەر سەرژمێرییەک لە کەرکووک دانیپێدانانێین و بە هاوشێوەی سەرژمێرییەکانی ساڵانی 1977 و 1997 سەیری دەکەین، ئەوەشمان بە عەرەب و تورکمان گوتووە یان نابێت سەرژمێری لە کەرکووک بکرێت یان دەبێت بەو میکانیزمەی ئێمە دەمانەوێت بکرێت، ئەگەرنا ئێمە دانی پێدانانێین”.
ڕێکارەکانی نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی سەرژمێری ، پێچەوانەی ماددە و بڕگەکانی 140ی دەستوری عێراقن.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە بە گوێرەی بەڵگە و ئامارەکان زیاتر لە 100 هەزار خێزانی عەرەب لەشارەکانی دیکەوە هێنراونەتە کەرکووک ، بەم هەنگاوەش تەعریب لە م شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و ئەنجامدانی سەرژمێریش لەم دۆخەدا بەزیانی کورد دەشکێتەوە.