نیسان 20, 2025
rasr.press

ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی حەج کردن کۆتایی هاتووە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ڕایدەگەیەنێت، كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان دەچێتە وڵاتی سعوودییە و، هەموو ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو پرۆسەیە تەواو كردوون.

كاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند، لە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ، یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەكەوێت.

كاروان ستوونی گوتی، ڕۆژی سێشەممە، 28-05-2024، یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان هەزار و 500 كەسە، لە ڕێگەی وشكانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەكەوێت. ئاماژەی بەوەش كرد، ڕۆژی چوارشەممە، 29-05-2024، یەكەم كاروانی حاجییان كە ژمارەیان سێ هەزار و 185 كەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا 05-06-2024، هەمووان بگەنە ئەو وڵاتە.

تێچووی حەجی ئەمساڵ لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی ، 4800 هەزار دۆلارە (شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار)، لە ڕێگەی وشكانیشەوە، 4000 دۆلارە (پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار). ستوونی روونی كردەوە، دوای هەوڵێكی زۆری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بە پاڵپشتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێچووی حەج لە هەرێمی كوردستان هاوتای تێچووی حاجییانی ناوچەكانی دیكەی عێراق كراوە.

بە گوتەی كاروان ستوونی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعوودییە، شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن، هاتووچۆ و چاودێریی تەندروستیی بەردەوام و پێشكەشكردنی رێنمایی ئایینی بۆ حاجییانی هەرێمی كوردستان دابین كردووە.

ئەمە لە كاتێكدایە لە ڕۆژانی 10 بۆ 12ـی حوزەیرانی 2023، چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە بۆ بەجێگەیاندنی “فەریزەی حەج” چوونە شاری مەككە و، دوای نزیكەی مانگێك مانەوە، لە ماوەی نێوان 10-14ـی تەمموزی 2023، گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.

ئەمانەش هەن

بەرپرسێکی باڵای عێراق زەنگی دووبارە بوونەوەی ڕووداوەکانی سوریای لە عێراق لێدا

mahir

ھەواڵێکی خۆش لە حکومەتی ھەرێمەوە

mahir

ئەو شەش كەسە هاوكاری زیندانییەكەی سلێمانیان كردبوو بۆ هەڵهاتن

mohammed