“بەغدا ھێشتا برینەکانی وشک نەبووە”
ئادەم رزگار
ئەمڕۆ لە ھەموو بابەتێک بۆ عێراقی فیدڕاڵ گرینگتر، جدیتر، پرسی دوورکەوتنەوەیەتی لەو جەنگەی لەناوچەکەدا ھەیە، سیاسییەکان لە عێراق بە دەنگێکی نزمتر لە بابەتی چاکسازی و گەشەکردن دەدوێن، ئێستا چاویان لەسەر ئەوەیە کە دوکەڵی شەڕ لە سووریا جارێکی تر ئاسمانی عێراق نەگرێتەوە. سیاسیەک پێی گوتم، ناوچەکە دووبارە لە تاقیگەی نوێ دەچێت، عێراق گەر بە وریایی مامەڵە نەکات، لەناو ئەم تاقیگەیەدا کە پڕیەتی لە ململانێی شەڕ، دەبێتە بەشێک لەو ململانێیە و ئەمەش لێکەوتەی باشی نابێت.
عێراق ھێشتا برینەکانی شەڕی دژ بە داعشی وشک نەبووە، پێویستە لەم قۆناغە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێم سیستەمی فیدڕاڵی بەھێزتر بکات، هەوڵی بنیاتنانەوەی دامەزراوە و ژێرخانی بدات، وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “عێراق پێویستی بە سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە، نەک قەیران و ململانێی زیاتر.” ئەم وتەیە لە سەرکردەیەکی ئەزموونداری ناوچەکە بۆ عێراقییەکان ڕاگەیاندرا، کە دوو دەیەیە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان لە ململانێی ناوچەکە دەپارێزێت، بۆیە وانەیەکی گرینگە عێراقییەکان کار بەم گوتەیە بکەن.
ئەوەی لە میدیای نێودەوڵەتیدا فەرامۆش دەکرێت: عێراق تەنیا پارچەیەک نییە لە شەتڕەنجی ناوچەیی، بەڵکو سەقامگیری لە عێراقی فیدڕاڵ دا، بۆ تەواوی ناوچەکە پێویستە. ساڵێک لەمەوبەر، شرۆڤەکارێکی سیاسیی عێراق، هێڵی “گەرمی” لە ناوچەکەدا پێشبینی کرد، ئیسرائیل، فەڵەستین، لوبنان، سوریا، عێراق و ئێران، کە گشتی دەچنە نێو جەنگەوە.بەڵام عێراق دەتوانێ نەچێتە ئەم جەنگەوە، ھەرچەندە جووڵەکان نەرمن بەڵام گرنگن، لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە لوبنان و سووریا و هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ عێراق، دەبینین چۆن چەقی ململانێکە بەرەو ڕۆژهەڵات دەجووڵێت. وەک ئەوە وایە کاردانەوەیەکی زنجیرەیی خاو ببینین، کە هەر ئەڵقەیەک دەتوانێت بگاتە عێراق.
گرینگە عێراق لەم بابەتە خۆی دوورخاتەوە، نەچێتە نێو خۆلەمێشی ئاگری ناوچەکە، چونکە گەر واش حساب بکرێت ھیچ ڕوونەدات، ئەو ئاگرەی لە سووریا و ناوچەکە ھەیە، گەر عێراق وریانەبێت، دووبارە خۆڵەمێشی ناوچەکە ڕووداوەکان بەرەو عێراق دێننەوە.