نیسان 20, 2025
rasr.press

قۆناغی دوای (کرانەوەی جیهان بەڕووی هەرێم دا)

قۆناغی دوای (کرانەوەی جیهان بەڕووی هەرێم دا)
دونیا حەیدەری

گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، جیهان دەبەنە قۆناغێکی نوێوە. ئەوەی بۆ دوێنێ چەکێکی بەهێز بوو، ڕەنگە بۆ سەردەمی ئێستامان هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەمابێت، ئەگەر ڕۆژگارێک نەوت، چەک و پارە نیشانەی بەهێزیی هەر وڵاتێک بووبن، بۆ ئەمڕۆ و لە جیهانی تەکنەلۆژیادا شتگەلێکی دیکە جێگای ئەوانەی گرتووەتەوە. ڕەنگە ئەم گۆڕانکارییانە لە بابەتی هەواڵگیری و جەنگدا زیاتر بەرجەستە ببن. بۆ نموونە ئەوەی ماوەکانی دیکە لە لوبنان ڕوویدا، کاتێک ئیسرائیل لە ڕێگەی ئامێری پەیجەرەوە هێرشێکی بەرفراوانی سەر دوژمنەکەی کرد لە لوبنان، کە توانی بەبێ بەکارهێنانی چەک ئمانجەکەی بپێکێت و ژمارەیەکی زۆری چەکدار و بەرپرسی هێزی بەرامبەری خۆی لەنێو ببات. کێ دەتوانێت گرەنتیی پاراستنی تەواوی زانیارییەکانی نێو مۆبایلەکەمانەوە بکات کەوا لەلایەن خودی کۆمپانیایەکەوە کۆنتڕۆڵنەکراون؟ کەواتە لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە دەبێت بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئامادەیی تەواوی خۆمان بکەین و لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکاندا خێرابین و هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروست بهاوێژین، بۆئەوەی دوا نەکەوین.

دەتوانین بڵێین بەرپرسیارییەتییەکە زیاتر دەکەوێتە سەر نەوەی ئێستا و ئەوان زیاتر دەبێت ئامادەسازیی تەواویان بۆ سەردەمی ئێستا و قۆناغی گۆڕانکارییەکان کردبێت. جاران زۆرێک لە ئێمە گلەیی ئەوەمان دەکرد کەوا وێڕای ئەوەی جیهان بە ڕووی هەرێمەکەماندا نەکراوەتەوە، ئەسلەن زۆرینەی جیهان ئاشنای کورد و هەرێمی کوردستان نییە. بەڵام دەکرێت بۆ ئێستامان ئەوە بەهانەیەکی قەبوڵکراو نەبێت. لە هەرێمی کوردستان بۆ تۆخکردنەوەی پێکەوەژیان و چەسپاندنی دیموکراسی هەنگاوی زۆر نراون. ئێستا ئەم هەنگاوانە بوونەتە بنەمایەکی بەهێز بۆئەوەی جیهان بەڕووی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە. کورد لە بینەرەوە ببێتە کارەکتەر، لە بڕیار لەسەر دەرەوە و ببێتە هاوبەشێک لە بڕیارەکان. لە پرسە جیهانییەکان، هاوشان لەگەڵ گەلانی جیهان، بەشداریی پێ بکرێت. کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک دەبێت لەو سەرۆک و سەرکردە جیهانییانەی کەوا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بە فەرمی بانگهێشتی مەراسیمی دووبارە دەرگاکردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام دەکات، ئەوە نیشانەیەکی بەهێزە کەوا ئیدی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هاوکێشە جیهانییەکان، هاوکات دەرگای جیهانی بەڕوودا واڵا کراوە.

کەواتە دەتوانین بڵێین؛ دەرکەوتنی سەرۆکی هەرێم لە ڕیزی سەرکردە جیهانییەکان ئومێدێکی زۆر و هیوا بەخشییەکی زێدە دەداتە نەوەی تازە کەوا جیهان بەمشێوەیە بەڕووی هەرێمەکەماندا کراوەتەوە. بۆیە ئەوەی ئێستا لەسەرمان پێویستە هەنگاونانە بەرەو جیهانە نوێیەکە. سوود وەرگرتنە لە دەرفەتەکان و لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان، کورد بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە خێرایانە. کاتێک جیهان ئامادەسازیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی خۆیدا جێ بکاتەوە، دەبێت لێرەوە ڕەچاوی پێشکەوتنی پەروەردە، تەندروستی و کایەکانی دیکە، لەگەڵ ئەمانەشدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و ئابووری و پیشەسازی و گشت سێکتەرەکانی دی بکەین. بۆ ئەمەش دەبێت سوود لەو کرانەوانە ببینین و تێکهەڵ بە جیهانی دەرەوەمان بین، بۆئەوەی شوناس و کەلتوور و بوونی نەتەوەکەمان لە جیهاندا زیاتر بناسێنین و بەرەوپێشی ببەین.

ئەمانەش هەن

کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بەدەستی کێ دەبێت؟

mahir

لە ئەمڕۆوە جووتیارانی كورد دەست بە دروێنەی بەرهەمەكانیان دەكەن و خێوەتی عەرەبان هەڵدەگیرێت.

Abduljabar Ali

نۆتردام، دیوێکی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان

mohammed