پەرلەمانتارێكی عێراق، مەترسیەكی گەورە لەسەر ئابووریی عێراق رادەگەیەنێت و دەڵێـت: نابێت تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەسترێ، لەبەرئەوەی ئەگەری هەیە نرخی نەوت دابەزێت و ئەوكات چارەنووسی دەوڵەت چی دەبێت. دووپات لەوە دەكاتەوە، كۆمەڵێك داهاتی دیكە هەن، بەڵام بە دروستی كۆ ناكرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 10/8/2024، ئەمیر عەمووری، پەرلەمانتاری عێراق، بە میدیایەكی عێراقی راگەیاندووە، پشتبەست بە رێژەی90% بە داهاتی نەوت مەترسییەكی گەورەیە.
روونی دەكاتەوە، دابەزینی نرخی نەوت، گاریگەری زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت و دەپرسێت چارەنووسی دەوڵەت چی دەبێت ئەگەر نرخی نەوت گەیشت بە 50 بۆ 60 دۆلار؟.
ئاماژە بەوە دەكات، پلانی پێشوەختە گرنگە بۆ دەوڵەت و پێویستە عێراق ئەو پلانەی هەبێت.
دووپات لەوە دەكاتەوە، عێراق كۆمەڵێك داهاتی دیكەی هەن، لەوانە دەروازە سنوورییەكان و باج، بەڵام بە شێوەیەكی دروست كۆ ناكرێنەوە و هەرزانفرۆشكردنی زەوییەكان.