چاودێرانی سیاسی سەركۆنەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی لە لایەن ئاسایشی سلێمانی دەكەن و رەخنە لەو كەمپینچییانە دەگرن كە پێشتر قسەیان لەسەر هەموو شتێك دەكرد، كەچی هیچ لەسەر گرتنی بەشدار بازیانی ناڵێن.
چەند رۆژێكە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە دەستگیر كراون بەبێ ئەوەی وردەكاریی گیرانەكەیان ئاشكرا بكرێت، یەكێك لەو كەسانە (بەشدار بازیانی)یە كە لەم دواییانە زوو زوو باسی گەندەڵی و قاچاخچێتی و كەموكوڕییەكانی دەڤەری سلێمانی دەكرد، بۆیە گومان و پرسیاری زۆر هەیە لەسەر دەستگیرکردنەکەی.
لەمبارەیەوە بەختیار تاڵەبانی، چاودێری سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”لە هەولێر رۆژنامەنووسێک تەنانەت ئەگەر بەهۆی سەرپێچیی هاتوچۆ یان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتیەوە دەستگیر بکرێت، دونیای بۆ دەهێنرێتە سەر هێڵ و دەیان پارێزەر خۆبەخشانە داکۆکی لێ دەکەن و کەمپین و گردبوونەوەی جەماوەری بۆ دەکرێت، وێنەکەی دەکرێتە پڕۆفایلی پلاتفۆرمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، هەر بابایە و لایڤێکی بۆ دەکاتەوە و هاشتاکیش لەولاوە بوەستێ و دەیگەیەننە ئاستی گیڤارا و ماندێلا و هەولێریش بە دۆزەخی کاری رۆژنامەنووسی وێنا دەکەن، جا دواتریش کە ئازاد دەکرێت، رێک دەبێتە پەرلەمانتار!“
هەروەك ئەوەشی خستۆتە ڕوو: ”بەداخەوە بۆ (دە) رۆژ دەچێت رۆژنامەنووسێک لە سلێمانی بەهۆی پیشەکەیەوە دەستگیر کراوە، نە کەمپین، نە گردبوونەوە، نە لایڤی بەناو چالاکوان، نە هاشتاگی ئازادی بۆ فڵان، نە میدیای بەناو ئەهلی و ئازاد، کەسیانمان نەبینی شەکرێک بشکێنێ، نەعامە ئاسا سەریان بەژێر خۆڵدا کردووە و زمانحاڵیان دەڵێ لەمن مەدە، لە کاکم بدە وا دەزانم لە جەواڵی کا دەدەی، متەقیان لێوە نایات. بەداخەوە وای لێهاتووە خۆزگە بخوازین ئەو رۆژنامەنووسە لە هەولێر دەستگیر بکرایە!“
لە لایەن خۆیەوە بارزان عەلی حەمە، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵكی سلێمانی كە لە هەولێر دەژی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”داوا لە یەکێتی دەکەم، ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی نەقڵی ئاسایشی هەولێر بکات، بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر و پاڵەوان و ئازادیخوازەکانی سلێمانی، بتوانن بە کەیفی خۆیان جنێو بە پارتی بدەن و باسی ئازادی و دیموکراسی و بەرتەسککردنەوەی ڕادەربڕین بکەن! تکایە لە ئاسایشی هەولێر بیخەنە ئینفرادییەوە، با کەمپەینی بۆ بکەن و گوشار دروست بکەن تا ئازاد بکرێت!“
لە كۆتایشدا نووسیویەتی، بەشدار بازیانی لە ئاسایشی سلێمانی بشكوژرێت، ”كەس نایكات بە هەواڵ، هیچ میتۆدێکی دیموکراسییەکەیان نایگرێتەوە. بڕۆن بە پارێزەرەکانی بڵێن دۆسیەكەی نەقڵی ئاسایشی هەولێر بکەن، با ئەو هەموو فەیلەسووفە ئازادیخوازەی سلێمانی بەرگریی لێ بکەن!“