مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ کێشەی تێکەوتووە، تاوەکو ئێستا هیچ شتێک دیارنییە چۆن بنێردرێت، ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنانەی هەبوون بۆ ساڵی ڕابردوو بوون، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی سیاسیی یەکێتی و پارتی بچنە بەغدا.
بەپێی زانیارییەکان،حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە لەگەڵ شاندی سیاسی سەردانی بەغدا بکات. کە بڕیارە سەردانی سوودانی بکەن و پەیام و هەڵوێستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێبگەیێننن لەبارەی مووچە و بودجە، کە دەبێت ئەمساڵ مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێن و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو نەبێت.
چوونی شاندەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، چونکە ئێستا محەممەد شیاع سوودانی بە گەشتێکی فەرمی لە بەریتانیایە و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ناگەڕێتەوە، هەروەها تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیش بەهەمانشێوە لە دەرەوەیە و ئەم پێنجشەممەیە دەگەڕێتەوە.
شاندێکی تەکنیکیش لەگەڵیان دەڕوات بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ مووچەی مانگی یەک و کۆی مووچەکانی ئەمساڵ، ڕێکبکەون کە چۆن ئەمساڵ مووچە بنێردرێت. دیارنییە هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دەبێت یان ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرێت.
ئەوەش بزانە: ئەمڕۆ کە 14ی مانگە تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی یەک نەنێردراوە و دیار نییە کەی دەنێردرێت.