نیسان 20, 2025
rasr.press

ھەواڵە درۆیینەکانی بەربەستی ھاتنی مووچە ڕەتکرانەوە

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سێ داواکارییە نوێیەکەی تەیف سامی بۆ ناردنی مووچە ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیێنێت، نووسراوەکە تەنیا ڕۆتینی ئیدارییە و هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی مانگی دوو دروست نابێت.

هەرچەندە هەولێر و بەغدا لەبارەی کۆی مووچەکانی ئەمساڵ ڕێککەوتنیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ساڵی ڕابردوو تەیف سامی هەموو مانگێک بیانووی نوێی دەگرت و لەمپەری بۆ ناردنی مووچە دروست دەکرد، ئەمساڵ هەر لێدوان و نووسراوێکی تەیف سامی بڵاوببێتەوە، دڵەڕاوکێ لای مووچەخۆرانی کوردستان دروست دەبێت.

نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق بەواژۆی تەیف سامی ڕێکەوتی 2025-02-17ی لەسەرە، سێ داواکاری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، ناردنی لیستی موچەی مانگی دوو لەگەڵ ناردنی زانیاری لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران، ناردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەمە جگە لەو 51 ملیار دینارەی نزیکەی 10 ڕۆژە نێردراوە.

لەسەر ئەو نووسراوە بەرپرسێکی باڵا و تایبەتمەندی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند: “وەزارەتی دارایی عێراق وەکو ئەرک و ئیلتیزامی خۆی، بەپێی یاسای بودجە نووسراو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، ئەم نووسراوە تەنیا ئاراستەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵکو ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراقیش کراوە”.

دوو جۆر داهات هەیە، داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی، مامەڵەکردن بە هەردوو داهاتەکە بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی (ئیدارە مالییە)ی ژمارە شەشی ساڵی 2019 دەکرێت . بۆ نموونە ماددەی 29 لە یاساکە، تا ئێستا حکومەتی عێراق ڕێنمایی بۆ دەرنەکردووە و ڕاڤەیان نەکردووە، بەم هۆیەوە گرێ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و ڕوون نییە داهاتی نانەوتی چی و چی دەگرێتەوە؟ حکومەتی کوردستانیش خۆی یاساکەی ڕاڤە کردووە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ دەرچووە بە ژمارە 250 کە تایبەتە بە دەستنیشنانکردنی داهاتە ناوخۆییەکان.

لەسەر ئەم بنەمایە هەولێر و بەغدا ڕێککەوتوون 50%ی باجی دەرامەت و رسوماتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان بۆ بەغدا بنێردرێت، کە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ڕۆژە ناردوویەتی و بڕەکەی 51ملیار دینار بوو. لەمبارەیەوە بەرپرسەکەی حکومەت دەڵێت: بەگشتی دوو مانگ جیاوازن، مانگەکانی 12 و یەک، کە کۆتایی ساڵی دارایی و سەرەتای ساڵی دارایین، گۆڕانکاری بەسەردا داهات دێت و کەمترە.

لەبارەی ناردنی داهاتی نەوتی کە سێیەم داواکاری تەیف سامییە، بەرپرسە باڵاکەی حکومەت دەڵێت: “کێشەمان لەسەر ئەو داوکارییە نییە، کەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێکردەوە بۆیان دەنێرین”.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کێشە بۆ مووچەی مانگی دوو دروست دەبێت یان نا؟ بەرپرسەکە باڵاکەی حکومەت وتی: “ناکرێت بەبێ بایەخ تەماشای نووسراوەکە بکرێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی وەڵامی هەرسێ داواکارییەکە دەداتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویست دەخاتەڕوو بەپێی یاسا و ڕاڤەی خۆمان”. دڵنیاییشی دا لەوەی نووسراوەکە تەنیا ڕۆتینی ئیدراییە، بۆیە هیچ گرفتێک دروست نابێت، مووچە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەم بابەتە بڕاوەتەوە.

ئەمانەش هەن

پەیامێكی گرنگ لە مەسروور بارزانی راگەیەندرا

mohammed

شاندێکی گەشت و گوزاری هەرێم لە ئیماراتە

Abduljabar Ali

هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی حەوت رەوانەی بەغدا دەكرێت

mohammed